ئەمریکا هەڕەشەی بلۆککردنی پارەی نەوتی عێراق دەکات

04.02.2026
جەماوەر نیوز
ئاژانسی بلۆمبێرگ (Bloomberg) بڵاویکردەوە؛ بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندیان داوەتە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و وتویانە ئەگەر مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، واشنتن دەست دەگرێت بەسەر تەواوی داهاتی نەوتی عێراقدا و ڕێگری دەکات لە گەیشتنی دۆلار بە بەغدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمە وەک فشارێکی توند دەبینرێت بۆ ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هەژموونی ئێران لە عێراقدا، چونکە پارەی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵی ئەمریکایە و هەر بڕیارێکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی ئابووری و دارایی عێراق.
لای خۆیەوە، عەلی سابر کینانی، ئەندامی فراکسیۆنی (ئەبشر یا عێراق) ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچیوەی هەماهەنگیدا ئەنجامی سەردانی شاندەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو پێشنیازانە تاوتوێ دەکرێن کە دەربارەی پۆستی سەرۆک کۆمار خراونەتە ڕوو لەگەڵ دیاریکردنی بنبڕێکی کاتی کە لە دوو ڕۆژ تێپەڕ نەکات بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی سەرۆکایەتی کۆمار و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانیش باس دەکرێت.
کینانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی تا ئێستا پابەندە بە کاندیدکردنی نوری مالیکی، بەڵام ئەگەری هەیە بەپێی ئەنجامی گفتوگۆکان گۆڕانکاری ڕوو بدات.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، کە پێشنیازی ئاڵوگۆڕی پۆستە سیاسی و حکومەییەکان کراوە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا وەک یەکێک لە ڕێگەچارەکان بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستنەی بە هۆی پۆستی سەرۆ کۆمارەوە دروست بووە.

بابەتی هاوشێوە