بەرپرسار؛ چارەنووسی 187 خوێندکاری پەیمانگەیەکی ئەهلی نادیارە

15.02.2026
جەماوەر نیوز
چارەنووسی 187 خوێندکاری بەشەکانی پەرستاری و دەرمانسازی لە پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی نۆڵج لە هەولێر، دوای دوو ساڵ لە خوێندن و خەرجی، نادیارە، چونکە ناوەکانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تۆمار نەکراوە. خوێندکاران بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوای بڕوانامەی دانپێدانراو دەکەن. وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، "نابێت خوێندکار باجەکەی بدات."

کێشەکە کاتێک دەستیپێکرد کە دەرکەوت پەیمانگەی نۆڵج بۆ بەشەکانی پەرستاری و دەرمانسازی، لەبری 160 خوێندکار کە لەلایەن وەزارەتەوە رێگەپێدرابوو، 347 خوێندکاری وەرگرتووە. ئەمەش چارەنووسی 187 خوێندکاری خستە مەترسییەوە.

دانا سەعدی، خوێندکارێکی بەشی دەرمانسازییە،  کە شەهیان تەحسین پێشكێشی دەکات، گوتی: "هەفتەیەکە بەم بابەتەمان زانیوە و بایکۆتی دەواممان کردووە. بە قەرەبووش رازی نابین، تەنیا بڕوانامەی دانپێدانراومان دەوێت."

خوێندکاران دەڵێن، ساڵانە بڕی ملیۆنێک و 500 هەزار دیناریان وەک کرێی خوێندن داوە و ئێستا کە تەنیا مانگێکیان بۆ دەرچوون ماوە، زانیویانە کە بڕوانامەکانیان دانپێدانراو نابێت.

د. هۆگر سەباح، نوێنەری پەیمانگەی نۆڵج، لە بەرپرسیار، دان بەوەدا دەنێت کە "رێژەی زیاترمان وەرگرت و وەزارەت ئاگادار نەبوو." هۆکارەکەشی بۆ زۆریی داواکاری و گۆڕانکاریی ئیداری لە پەیمانگەکە گەڕاندەوە و گوتی، "پێشبینیمان نەدەکرد وەزارەت رەزامەندی نەدات."

نوێنەری پەیمانگەکە بەڵێن بە خوێندکاران دەدات کە کێشەکە چارەسەر دەکەن و دەڵێت، "هیچ بوارێک نییە بۆ رەزامەندی نەدان بە پێدانی بڕوانامە و دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕوانامەیان پێبدات، هەر حەزناکەین باسی قەرەبوو بکرێت."

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاتووەتە سەر هێڵ و دڵنیایی دەداتە خوێندکاران. د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هەوڵدەدەین مافی خوێندکار نەفەوتێت. ئەوەی رێنماییەکانی پێشێل کردووە بە سزای یاسایی خۆی دەگات."

هەروەها د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە رووداوی گوت، لیژنەیەک بۆ ئەم بابەتە پێکدەهێنرێت و کێشەکە "بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی خوێندکار چارەسەر دەکرێت."

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت، بۆ ئەوەی مافی خوێندکاران نەفەوتێت، دان بە بڕوانامەکانیاندا دەنرێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەو سەرپێچییەدا، پەیمانگەکە بۆ هەر کورسییەکی زیادە بە 2 ملیۆن دینار سزا دەدرێت، کە کۆی گشتیی سزاکە دەکاتە 374 ملیۆن دینار. لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگترین خاڵ لای خوێندکاران وەرگرتنی بڕوانامەیەکی دانپێدانراوە دوای دوو ساڵ لە خوێندن و ماندووبوون

بابەتی هاوشێوە