خه‌ڵاتى ماملێ 2024 پێشکه‌ش به‌ هونه‌رمه‌ند شڤان په‌روه‌ر کرا

23.01.2024
جەماوەر نیوز
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024.1.23، له‌ 25مین ساڵڕۆژى کۆچى دوایى محه‌مه‌دى ماملێ، له‌ شارى (هه‌ولێر)ى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر و ئاریان صلاح الدین، بریکارى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و فه‌رهه‌نگ غه‌فوور، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى هه‌ولێر و ژماره‌یه‌کى دیکه‌ له‌ که‌سایه‌تى دیارى هونه‌ر و وێژه‌ى کوردى و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب و شاعیر و ڕۆژنامه‌ نووسان، له‌ ڕێوره‌سمێکدا خه‌ڵاتى ئه‌مساڵى ماملێ که‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌ڕایه‌تیى گشتى ڕۆشنبرى و هونه‌رى هولێر و مه‌ڵبه‌ندى هونه‌رى ماملێ و ڕێکخراوى په‌ره‌پێدانى کارى ڕاگه‌یاندن ڕێکخرابوو، پێشکه‌ش به‌ هونه‌رمه‌ند "شڤان په‌روه‌ر" کرا.
خه‌ڵاتى ماملێ، وه‌ک هێمایه‌کى ڕێزلێنان له‌ هونه‌رمه‌ندانى کورد، ماوه‌ى 15ساڵه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندى هونه‌ریى ماملێ‌ پێشکه‌ش به‌ هونه‌رمه‌ندانى کوردستان ده‌کرێت، بۆ ئه‌مساڵیش وه‌ک ڕێزلێنانێک له‌ مێژووى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند "شڤان په‌روه‌ر" ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى ده‌نگى سنووره‌ ده‌ستکرده‌کانى به‌زاند و بوو به‌ میوانى هه‌موو کوردێک و ده‌نگ و سازه‌که‌ى بوو به‌ پێناسه‌یه‌ک بۆ کورد له‌ناو گه‌لانى جیهان، له‌لایه‌ن پارێزگارى هه‌ولێره‌وه‌ خه‌ڵاته‌که‌ له‌ڕێگه‌ى نوێنه‌رێکیه‌وه‌ پێشکه‌ش به‌هونه‌رمه‌ند کرا.
جێگه‌ى باسه‌، ئه‌م خه‌ڵاته‌ که‌ له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندى هونه‌رى ماملێ دابین ده‌کرێت و هه‌رساڵ پێشکه‌ش به‌ که‌سایه‌تییه‌کى هونه‌رى کوردستان ده‌کرێت، پێشتر پێشکه‌شى هونه‌رمه‌ندان (قاله‌ مه‌ڕه‌‌‌‌‌‌، باکووری، عه‌باس که‌مه‌ندی، عه‌زیز شارۆخى ، ناسێ‌ ره‌زازی، زۆزان، تیپى مۆسیقاى سلێمانی، مه‌زهه‌رى خاله‌قی، خه‌لیل خه‌مگین، حوسێن سه‌فامه‌نێش، محه‌مه‌د ڕه‌زا دارابی، دڵشاد سه‌عید و کاوه‌ فه‌قیه‌زاده‌) کراوه‌.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ