رێژه‌ى خۆکوشتنى پیاوان چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ى خانمانه‌

13.02.2024
جەماوەر نیوز
وه‌رگێڕانى له‌ئینگلیزییه‌وه‌: والى عه‌لی

خۆکوشتن بریتییه‌ له‌پرۆسه‌ى کۆتاییهێنانى ژیانى مرۆڤ له‌لایه‌ن خودى خۆیه‌وه‌و هۆکارى جیاوازه‌. خۆکوشتن هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن ئاین و یاساو داب و نه‌ریتیشه‌وه‌ کارێکى ناپه‌سه‌نده‌، به‌ڵام له‌جیهاندا زۆره‌و له‌حاڵه‌ته‌وه‌ بووه‌ته‌ دیارده‌.

ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌کى په‌یوه‌ندیدارن به‌و کاره‌:

له‌زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆرى وڵاتانى جیهاندا، رێژه‌ى خۆکوشتنى پیاوان دوو ئه‌وه‌نده‌ له‌ هى خانمان زیاتره‌. له‌هه‌ندێ وڵاتى وه‌ک روسیاو برازیلیش، رێژه‌ى خۆکوشتنى پیاوان تا شه‌ش ئه‌وه‌نده‌ له‌هى خانمان زیاتره‌.

به‌گوێره‌ى رێخراوى ته‌ندروستیى جیهانی، ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى ساڵانه‌ له‌جیهاندا به‌ خۆکوشتن گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ زیاتر له‌ 700 هه‌زار که‌س ده‌خه‌مڵێنرێت.

ته‌نها له‌ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا، هه‌موو ساڵێک، زیاتر له‌ 30 هه‌زار که‌س خۆیان ده‌کوژن.

هاوڕه‌گه‌زخوازو جوتڕه‌گه‌زخوازو ئه‌و گه‌نجانه‌ى پرسیار زۆرده‌که‌ن، نزیکه‌ى پێنج ئه‌وه‌نده‌ ئه‌گه‌رى هه‌وڵدان بۆ خۆکوشتنیان، له‌که‌سانى تر زیاتره‌.

تێکڕا هه‌ر 11 خوله‌کێک، که‌سێک له‌ئه‌مه‌ریکا، خۆى ده‌کوژێت.

له‌ساڵى 2017، له‌ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا، خۆکوشتن دووه‌م هۆکارى سه‌ره‌کى مردن بووه‌ له‌ناو که‌سانى ته‌مه‌ن 10 بۆ 34 ساڵدا‌.

له‌ساڵى 2017، هه‌ر له‌ ئه‌مه‌ریکا، ژماره‌ى حاڵه‌ته‌کانى خۆکوشتن دوو ئه‌وه‌نده‌ى حاڵه‌ته‌کانى کوشتن به‌ده‌ستى که‌سانى تر، بووه‌.

له‌ 27-7-1890 نیگارکێشى هۆڵه‌ندیى به‌ناوبانگ ڤان کوخ به‌ ده‌مانچه‌یه‌کى حه‌وت ملم گوللـه‌ى نا به‌ سنگى خۆیه‌وه‌ به‌ڵام هیچ شایه‌تحاڵێک نه‌بوو بۆ ئه‌و روداوه‌. 30 سه‌عات پاش گولـله‌ به‌خۆوه‌ نانه‌که‌ی، به‌جوانه‌مه‌رگى و له‌ته‌مه‌نى 37 ساڵیدا گیانى له‌ده‌ستدا.

کچه‌نمایشکارى ئه‌مه‌ریکى ستیفانى ئاده‌مز. له‌ 24-7-970 له‌دایکبووه‌. له‌ 18-5-2018 کوڕه‌ حه‌وت ساڵه‌که‌ى و خۆشى کوشتووه‌. به‌گوێره‌ى پۆلیسى شارى نیۆرک، ئه‌م خانمه‌ سه‌ره‌تا کوڕه‌که‌ى له‌په‌نجه‌ره‌ى قاتى 25هه‌مه‌وه،‌ فڕێداوه‌ته‌ خواره‌وه‌، پاشانیش خۆى به‌دوایدا فڕێداوه‌. له‌ئه‌نجامدا هه‌ردوکیان گیانیان له‌ده‌ستدا.

کچه‌ئه‌کته‌رى ئه‌مه‌ریکى گیا ئاڵیماند له‌ 12-8-2013 پاش هه‌وڵێکى خۆکوشتن له‌ڕێگه‌ى خۆهه‌ڵواسینه‌وه‌، خرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ى زانکۆ له‌شارى نیوئۆرلینه‌زى ئه‌مه‌ریکا. له‌وێ مردنى ده‌ماخى راگه‌یه‌نراو دوو رۆژ دواتریش، ئامێره‌کانى به‌زیندویى هێشتنه‌وه‌ی،‌ له‌جه‌سته‌ى کرانه‌وه‌و به‌و شێوه‌یه‌ له‌ته‌مه‌نى 29 ساڵیدا کۆچیدوایى کرد.

له‌ساڵى 2009 کچه‌ئه‌کته‌رى بریتانى لوسى گۆردن، پاش ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ بۆیفرێنده‌که‌ى که‌ وێنه‌گرێکى سینه‌مایى بوو به‌ناوى جێرۆم ئه‌لڤێراس، به‌ خۆهه‌ڵواسین خۆى کوشت.

جیا خان‌ کچه‌ئه‌کته‌رێکى بریتانى و ئه‌مه‌ریکى بووه‌و له‌فیلمى هندیدا زۆر ده‌رکه‌وتووه‌. سه‌باره‌ت به‌ مردنى ئه‌م خانمه‌، ده‌ووترێت نزیکه‌ى سه‌عات 11و 45 خوله‌کى شه‌وى دوو شه‌ممه،‌ 3-6-2013، له‌کاتێکدا دایک و خوشکه‌که‌ى له‌ماڵ نه‌بوون، له‌ژورى خه‌وتنه‌که‌ى خۆى له‌شوێنى نیشته‌جێبونى خێزانه‌که‌ى خۆیان له‌شارى مۆمباى له‌ هندستان، خۆى هه‌ڵواسیوه‌ به‌ پانکه‌ى بنمیچى ژوره‌که‌و به‌هۆیه‌وه‌ گیانى له‌ده‌ستداوه‌.

سه‌رچاوه‌: کتێبى زانیاریخانه‌/ چاپى 34هه‌م/ والى عه‌لی/ زانیاریى ژماره‌ 76 بۆ 87



زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ