ئۆکرانیا باشتر بناسه‌

14.02.2024
جەماوەر نیوز
والى عه‌لی

ئۆکرانیا وڵاتێکى ئه‌وروپییه‌و دراوسێى گه‌وره‌ترین وڵاتى جیهانه‌ له‌ڕوى روبه‌ره‌وه‌ که‌ روسیایه‌. ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌کى سه‌رنجڕاکێشن سه‌باره‌ت به‌م وڵاته‌:

به‌گوێره‌ى ئامارى ساڵى 2023، ژماره‌ى دانیشتوانه‌که‌ى 36 ملیۆن و 750 هه‌زار که‌سه‌.

له‌ڕوى روبه‌ره‌وه،‌ گه‌وره‌ترین وڵاتى ئه‌وروپایه‌. روبه‌ره‌که‌ى 603 هه‌زارو 628 کیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌یه‌. له‌خۆرهه‌ڵاته‌وه‌، له‌لاى روسیاوه‌ ده‌کشێت به‌ره‌و لاى پۆڵه‌ندا له‌خۆرئاواوه‌. روبه‌ره‌که‌ى نزیکه‌ى سێ ئه‌وه‌نده‌ى هى شانشینى یه‌کگرتوو ده‌بێت و 50 هه‌زار کیلۆمه‌تر له‌ هى دووه‌م گه‌وره‌ترین وڵاتى ئه‌وروپا زیاتره‌ که‌ فه‌ره‌نسایه‌.

ئه‌م وڵاته‌ دابه‌شده‌بێت بۆ 24 هه‌رێم.

ته‌نها زمانى ره‌سمى له‌م وڵاته‌، زمانى ئۆکرانییه‌. سه‌ربارى ئه‌وه‌ش له‌چه‌ندین ناوچه‌ى ئه‌م وڵاته‌دا خه‌ڵک ده‌بینیت به‌ روسى قسه‌ده‌که‌ن، یان تێیده‌گه‌ن.

یه‌کێکه‌ له‌وڵاته‌ تازه‌کان، له‌ساڵى 1991 سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ستهێناوه‌.

وێستگه‌ى میترۆى ئارسینالنا که‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر هێڵى میترۆى کیێڤ له‌‌‌م وڵاته، قوڵترین وێستگه‌ى میترۆیه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا. قوڵییه‌که‌ى 105 مه‌ترو نیوه‌و له‌ساڵى 1962 دروستکراوه‌.

خواردنگه‌ى ماکدۆناڵد له‌ گۆڕه‌پانى ڤۆکزاڵنا له‌ شارى کیێڤى پایته‌خت، سێیه‌م گه‌وره‌ترین خواردنگه‌ى ماکدۆناڵده‌ له‌جیهاندا له‌ڕوى زۆرترین سه‌ردانه‌وه‌.

له‌ڕوى رێژه‌ى خوێنده‌وارییه‌وه‌، ئه‌م وڵاته‌ چواره‌م گه‌وره‌ترین وڵاته‌ له‌جیهاندا. له‌سه‌دا 99.4ى ئۆکرانییه‌ ته‌مه‌ن 15 ساڵه‌کان و سه‌روتر، ده‌توانن بنوسن و بخوێننه‌وه‌. له‌سه‌دا 70ى هاوڵاتییه‌ پێگه‌یشتووه‌کانى ئه‌م وڵاته،‌ بڕوانامه‌ى ئاماده‌یى یان به‌رزتریان هه‌یه‌.

له‌ڕوى گه‌شتکردنه‌وه، ئه‌م وڵاته‌ که‌مترین خه‌رجیى پێویسته‌ به‌ به‌راورد به‌ وڵاتانى ترى ئه‌وروپا.

به‌پێچه‌وانه‌ى زۆرێک له‌کلتوره‌کانى وڵاتانى جیهان، ئۆکرانییه‌کان ئه‌ڵقه‌ى هاوسه‌رگیرى ده‌که‌نه‌ په‌نجه‌ى ده‌ستى راستیان نه‌ک چه‌پ.

له‌ساڵى 1986، ئه‌م وڵاته‌ خراپترین کاره‌ساتى کارگه‌ى وزه‌ى ئه‌تۆمى به‌خۆیه‌وه‌ بینی، ئه‌ویش ته‌قینه‌وه‌یه‌ک بوو له‌کارگه‌ى چێرنۆبڵ که‌ ده‌که‌وێته‌ باکورى ئه‌م وڵاته‌وه‌. له‌و کاته‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ ناوچه‌یه‌کى دوره‌په‌رێزخراو له‌قه‌ڵه‌مدراوه‌. هه‌رچه‌نده‌ مه‌ترسییه‌کى تیشکاوه‌رى زۆرى هه‌یه‌، به‌ڵام ناوچه‌که‌ سه‌رنجى زۆر گه‌شتیارى به‌لاى خۆیدا راکێشاوه‌.

· سوڕى ژیانى خه‌ڵکى ئه‌م وڵاته‌ به‌گشتى 71.48 ساڵه‌.

· خه‌ڵکى ئه‌م وڵاته‌ حه‌زیان له‌میوانداریکردنه‌، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن له‌شوێنه‌ گشتییه‌کاندا زه‌رده‌خه‌نه‌ده‌که‌ن.

· خاوه‌نى یه‌کێکه‌ له‌گه‌وره‌ترین سوپاکان له‌کیشوه‌رى ئه‌ورپادا.

سه‌رچاوه‌: کتێبى زانیاریخانه‌/ چاپى 34هه‌م/ والى عه‌لی/ زانیاریى ژماره‌ 32 بۆ 45


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ