زانیارى پێویست له‌سه‌ر به‌رزه‌فشارى خوێن

06.02.2024
جەماوەر نیوز
وه‌رگێڕانى له‌ئینگلیزییه‌وه‌: والى عه‌لی

‌فشارى خوێن بریتییه‌ له‌و په‌ستانه‌ى خوێن له‌سه‌ر دیوارى بۆرییه‌کانى خوێن دروستیده‌کات و زیادبونى ئه‌م فشاره‌ له‌حاڵه‌تى ئاسایی، پێیده‌ووترێت به‌رزه‌فشارى خوێن که‌ یه‌کێکه‌ له‌به‌ربڵاوترین نه‌خۆشییه‌کان له‌جیهانداو تاڕاده‌یه‌ک مه‌ترسیداره‌. ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌کى سه‌رنجڕاکێشن سه‌باره‌ت به‌م کێشه‌ ته‌ندروستییه‌:

ژماره‌ى توشبوانى به‌رزه‌فشارى خوێن له‌جیهاندا که‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 30 بۆ 79 ساڵدایه‌، به‌ یه‌ک ملیارو 280 ملیۆن که‌س ده‌خه‌مڵێنرێت. زۆربه‌ى ئه‌مانه‌ش (دوو له‌سه‌ر سێیان) له‌وڵاته‌ داهاتکه‌م و داهاتمامناوه‌نده‌کاندا ده‌ژین.

ژماره‌ى ئه‌و که‌سه‌ پێگه‌یشتوانه‌ى که‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌یان هه‌یه‌و بێئاگان له‌وه‌ى که‌ هه‌یانه‌، به‌ له‌سه‌دا 46ى توشبوان ده‌خه‌مڵێنرێت.

پێوانه‌ى ئاسایى فشارى خوێن بریتییه‌ له‌که‌متر له‌ 120 له‌سه‌ر 80.

زۆربه‌ى کات ئه‌م نه‌خۆشییه‌ هیچ نیشانه‌یه‌کى دیارى نیه‌، بۆیه‌ نازناوى "بکوژى بێده‌نگ"ى لێنراوه‌.

که‌متر له‌نیوه‌ى توشبوانى پێگه‌یشتوى ئه‌م نه‌خۆشییه‌ (له‌سه‌دا 42یان) نه‌خۆشییه‌که‌یان ده‌ستنیشانده‌کرێت و چاره‌سه‌رده‌کرێت.

له‌هه‌موو پێنج توشبویه‌کى پێگه‌یشتوى ئه‌م نه‌خۆشییه‌، نزیکه‌ى یه‌کێکیان، نه‌خۆشییه‌که‌ى له‌ژێر کۆنتڕۆڵدایه‌.

ئه‌م نه‌خۆشییه‌ هۆکارێکى سه‌ره‌کیى مردنى پێشوه‌خته‌یه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا.

بونى ئه‌م نه‌خۆشییه‌، ده‌تخاته‌ به‌ر مه‌ترسیى نه‌خۆشییه‌کانى دڵ و جه‌ڵته‌ى ده‌ماخ که‌ هۆکارى سه‌ره‌کیى مردنن له‌ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا.

ته‌نها له‌ساڵى 2020، زیاتر له‌ 670 هه‌زار حاڵه‌تى مردن له‌ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا، به‌رزه‌فشارى خوێن هۆکارێک بووه‌ بۆیان.

نزیکه‌ى نیوه‌ى پێگه‌یشتوانى دانیشتوانى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا، (له‌سه‌دا 47ى دانیشتوانه‌که‌ى یان 116 ملیۆن) به‌رزه‌فشارى خوێنیان هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: کتێبى زانیاریخانه‌/ چاپى 33هه‌م/ والى عه‌لی/ زانیاریى ژماره‌ 33 بۆ 42


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ