حکومه‌تى عێراق ئه‌مه‌ریکا به‌ هۆکارى په‌ره‌سه‌ندنى گرژییه‌کانى ناوچه‌که‌ تۆمه‌تبار ده‌کات

24.01.2024
جەماوەر نیوز
حکومه‌تى عێراق، ئه‌مه‌ریکا تۆمه‌تبار ده‌کات به‌وه‌ى به‌شداره‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنى توندوتیژییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌دا، دواى ئه‌وه‌ى ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانى ئه‌مه‌ریکا گروپه‌کانى سه‌ر به‌ ئێرانیان کرده‌ ئامانج.

هێرشه‌که‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ گرژییه‌کانى ناوچه‌که‌ به‌هۆى شه‌ڕى نێوان ئیسرائیلى هاوپه‌یمانى واشنتن و گروپى ئیسلامى حه‌ماس که‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانى ده‌کرێت زیادیان کردووه‌.

لۆید ئۆستن، وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند، هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا "هێرشى پێویست و ڕێژه‌یی" یان دژى سێ دامه‌زراوه‌ ئه‌نجامداوه‌ که‌ له‌لایه‌ن گروپى میلیشیاکانى که‌تایب حزبوڵڵاى سه‌ر به‌ ئێران (لیواکانى حزبوڵڵا) و گرووپه‌کانى دیکه‌ى سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق به‌کارهێنراون".

ئوستن ئاماژه‌ى به‌ هاوپه‌یمانى دژ به‌ داعش به‌ سه‌رکردایه‌تى ئه‌مه‌ریکا کرد وتی: ئه‌م هێرشانه‌ له‌ وه‌ڵامى ڕاسته‌وخۆى زنجیره‌یه‌ک هێرشى په‌ره‌سه‌ندووى چه‌کداریه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریا له‌لایه‌ن میلیشیاکانى سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌.

له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى ده‌ى ڕابردووه‌وه‌ هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان به‌ سه‌رۆکایه‌تى ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و سوریا زیاتر له‌ 150 هێرشیان کراوه‌ته‌ سه‌ر، زۆرێک له‌و هێرشانه‌ له‌لایه‌ن گروپى ناسراو به‌ مقاوه‌مه‌ى ئیسلامى بانگه‌شه‌ى بۆ کراوه‌، که‌ هاوپه‌یمانییه‌کى نزیکى گرووپه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ ئێرانه‌وه‌ن و دژى پشتیوانى ئه‌مه‌ریکان بۆ ئیسرائیل له‌ شه‌ڕى غه‌ززه‌.

هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا ژماره‌یه‌ک هێرشى ئاسمانییان بۆ سه‌ر ئه‌و گرووپانه‌ ئه‌نجامداوه‌ که‌ به‌رپرسیارن له‌ هێرشه‌کانى ده‌کرێنه‌ سه‌ر هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا، ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ى عێراقى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌، که‌ داواى کشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ ده‌کات که‌ هاوپه‌یمانى عێراقن له‌ وڵاته‌که‌.

وته‌بێژى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسودانى ڕایگه‌یاند؛ "ئه‌م کاره‌ جێگاى قبوڵکردن نیه‌ و سه‌روه‌رى عێراق پێشێل ده‌کات، هاوکات به‌شداره‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنى بێباکانه‌ى گرژییه‌کان، له‌ کاتێکدا ناوچه‌که‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسى په‌ره‌سه‌ندنى ناکۆکیه‌کاندا ده‌جه‌نگێت".

یه‌حیا ڕه‌سوڵ، وته‌بێژى کاروبارى سه‌ربازى عێراق گوتی: "ئێمه‌ وه‌ک کرده‌وه‌ى ده‌ستدرێژیکارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ ده‌که‌ین و ڕێوشوێنى پێویست ده‌گرینه‌به‌ر بۆ پاراستنى ژیان و که‌رامه‌تى عێراقییه‌کان".



ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ