نووری مالیکی: میدیا دیارترین ڕووخساری دەستوور و ژیانی دیموکراسییە

16.07.2025
جەماوەر نیوز
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دوو قەیران هەیە هەڕەشەی جددی لە پرۆسەی دیموکراسی عێراق دەکەن.
چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی "دوو دیاردەی مەترسیدار هەڕەشە لە سیستەمی دیموکراسی و دەستووری ئێمە دەکەن، یەکەمیان دەرکەوتەکانی قەیرانی سیاسییە، دووەمیشیان هێرشکردنە سەر میدیای ئازادە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کەسی، ئەمەش لە ژێر بێدەنگی هەر سێ دامەزراوەی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری دایە."
نووری مالیکی ئاماژەی بەوەش کرد، دیاردەی دووەم هەوڵدانە بۆ سنووردارکردنی ئازادی میدیا و قەتیسکردنی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو، هەروەها دوورخستنەوەیەتی لە پرسە بنەڕەتییەکان کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی باڵاکانی گەلی عێراقەوە هەیە.
دەشڵێت: "پێویستە دەزگا ئەمنییەکان ڕێگریی لە کپکردنی ئازادی ڕادەربرین بگرن، چونکە میدیا دیارترین ڕووخساری دەستوور و ژیانی دیموکراسییە، هەروەها میدیاکان دەبێ خۆیان لە ناشرینکردن و بەئامانجکردنی دامودەزگا نیشتمانییەکان بەدوور بگرن."
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لەوەی "سیاسەتی دەمکوتکردن و لێپرسینەوە لە میدیاکاران بەهۆی گوتنی وشەیەک، یان ڕەخنە، یان سەرنجێکی میدیایی، قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە و هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات."

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ