حکوومەتی عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتی بۆ قوربانییانی ڕووداوەکەی کوت ڕاگەیاند

17.07.2025
جەماوەر نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتی بۆ قوربانییانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت ڕاگەیاند.
کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. 
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خوێندنەوەی سوڕەتی فاتیحە بۆ قوربانییانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی مۆڵەکەی شاری کوت، لە پارێزگای واست دەستیپێکرد. لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاند. 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، بەهۆی ڕووداوەکەوە، 61 کەس گیانیان لە دەست داوە کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵێکی زۆرەوە خنکاون و تەرمی 14 کەسیش بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتان، ناناسرێنەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، 45 کەس لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ڕزگار کراون کە لە باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو. 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو، باڵەخانە بازرگانییە پێنج نهۆمییەکە، لە خواردنگەیەک و هایپەرمارکێتێک پێکدێت و تەنیا حەوت ڕۆژە کراوەتەوە. 
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، بە مەبەستی زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر. ڕاشیگەیاندووە، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ