سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبوونەوە

30.07.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبوونەوە و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆسیەکانی نێوان عیراق و هەرێم، هەڵبژاردن، ئاسایش و سەروەری عیراق کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆشکی بەغداد د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی وڵات کرا و جەخت لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، پاراستنی سەروەریی عێراق و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە جیاوازانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، کرایەوە، لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی توندی ئەو پێشێلکاریانەی کە ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتیان دەکەنە ئامانج.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەخت کرایەوە لەسەر چارەسەرکردنیان بەپێی چوارچێوە دەستوری و یاساییە کارپێکراوەکان بە شێوەیەک کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی بەردەوام بەدی بهێنێت، ئەمە جگە لە جەختکردنەوە لەسەر یەکخستنی هەڵوێست و دیدگاکان لە نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و زاڵکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی بەسەر بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکاندا.
هەر لە دیدارەکەدا، ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا خرانەڕوو و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی بەکارنەهێنانی سەرچاوە و توانستە مرۆیی و ماددییەکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی هەڵبژاردن و رێگریکردن لە قۆستنەوەی پۆستە حکومییەکان بۆ کاریگەریکردنە سەر ئیرادەی دەنگدەر، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتی بە پرۆسەی دیموکراسی و پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەکان بۆ مسۆگەرکردنی پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکان.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ