ڕێکخراوى ته‌ندروستى جیهان: بۆ ساڵى 2024پێویستیمان به‌ 1.5 ملیار دۆلاره‌ بۆ یارمه‌تى ته‌ندروستى به‌په‌له‌

15.01.2024
جەماوەر نیوز
ڕێکخراوى ته‌ندروستى جیهان ڕۆژى دووشه‌ممه‌ وتى بۆ ساڵى 2024 پێویستى به‌ 1.5 ملیار دۆلار هه‌یه‌ تاوه‌کو یارمه‌تى ته‌ندروستى بۆ ده‌یان ملیۆنان خه‌ڵک دابین بکات که‌ له‌ قه‌یرانى ته‌ندروستى به‌په‌له‌دا گیرییان خواردووه‌، به‌ ئۆکرانیا و غه‌ززه‌شه‌وه‌.

ڕێکخراوه‌که‌ هۆشداریدا و وتى پێشبینى ده‌کرێت له‌م ساڵدا نزیکه‌ى 300 ملیۆن که‌س له‌ سه‌رانسه‌رى جیهاندا پێویستییان به‌ یارمه‌تى مرۆیى و پاراستن هه‌بێت.

به‌ڕێوبه‌رى ڕێکخراوى ته‌ندروستى جیهان تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسیوس له‌ بۆنه‌یه‌کدا له‌ جنێڤ وتى له‌ نێو ئه‌و 300 ملیۆن که‌سه‌دا " نزیکه‌ى 166 ملیۆن که‌سییان پێویستییان به‌ یارمه‌تى مرۆیى ته‌ندروستى ژیان ڕزگارکه‌ر هه‌یه‌."

وتى ڕێکخراوه‌که‌ى ئامانجى ئه‌وه‌یه‌ یارمه‌تى نزیکه‌ى 87 ملیۆن که‌س بدات که‌ پێویستییانه‌، بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌و کاره‌ش پێویستى به‌ 1.5 ملیار دۆلار هه‌یه‌.

وتى " له‌ کاتێکدا که‌ ساڵى 2024 ده‌ستپێده‌کات، ڕێکخراوى ته‌ندروستى جیهان ده‌ستیکردووه‌ به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى 42 قه‌یرانى ته‌ندروستی، 15 قه‌یرانییان له‌ ئاستێکى زۆر به‌رزى به‌په‌له‌دان."

وتى ئه‌وانه‌ى ڕووبه‌ڕووى ئه‌و قه‌یرانانه‌ بوونه‌ته‌وه‌ " ڕووبه‌ڕووى ده‌ستپێکێکى به‌ ئازارى ساڵى نوێ بوونه‌ته‌وه‌، که‌ له‌سه‌ر پشتى ساڵى 2023 دێت که‌ ساڵێک بوو پێ‌ له‌ ئازارێکى توند که‌ ده‌کرا خۆى لێبه‌دووربگیردرێت."

گیبریسیوس باسى له‌ چه‌ندین ململانێ کرد، له‌ ئۆکرانیاوه‌ بۆ سودان و غه‌ززه‌، وتى له‌ ساڵى 2023 دا " به‌ شێوه‌یه‌کى سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ " منداڵێک له‌ نێو پێنج منداڵدا له‌سه‌ر ئاستى جیهان، یان ئه‌وه‌تا له‌ ناوچه‌یه‌کى شه‌ڕدا ژیاوه‌ یان له‌ ناوچه‌یه‌کى شه‌ێ‌ هه‌ڵاتووه‌.

هه‌روه‌ها باسى له‌ خراپبوونى گۆڕانى که‌ش و هه‌وا کرد، ساڵى ڕابردوو به‌ گه‌رمترین ساڵ داندرا له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا.

وتى " ئه‌مه‌ کێشه‌یه‌کى گه‌وره‌یه‌ بۆ ته‌ندروستی، له‌ برسێتییه‌کى زۆره‌وه‌ که‌ به‌هۆى وشکه‌ساڵییه‌وه‌ له‌ هۆڕنى ئه‌فریکا زیاتر بوو، بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌ کوشنده‌کان که‌ به‌هۆى گۆڕانى زنجیره‌ى که‌ش و هه‌واوه‌ دروست بوون."

وتیشى له‌ ساڵى 2023 دا ته‌نها له‌ سه‌دا 12 ى ئه‌و پاره‌یه‌ى که‌ له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌که‌وه‌ داواکرا بوو بۆ یارمه‌تییه‌کان ته‌رخان کراوه‌. وتى " ئه‌مه‌ دڵشکێنه‌، ده‌کرێت وانه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ که‌ له‌ ساڵى 2024 دا ده‌بێت باشتر بین."


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ