کۆشکى سپی : ئه‌مه‌ریکا پلانى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى توندى هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌که‌ى سه‌ر هێزه‌کانمان له‌ ئوردن

29.01.2024
جەماوەر نیوز
ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند پلانى هه‌یه‌ " وه‌ڵامێکى توندى " هه‌بێت بۆ هێرشى فڕۆکه‌ بێفڕۆکه‌وانه‌که‌ى سه‌ر هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ بنکه‌یه‌ک له‌ ئوردن که‌ بووه‌ هۆى کوژرانى سێ سه‌ربازى ئه‌مه‌ریکایی.

سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا جۆو بایدن گروپه‌ چه‌کدارییه‌کانى سه‌ر به‌ ئێران به‌ به‌رپرس داده‌نێت له‌و هێرشه‌، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نیشتیمانى ئه‌مه‌ریکا جۆن کیربیش به‌ سى ئێن ئێنى وت سه‌رۆک بایدن " وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌." به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ک نیه‌ له‌سه‌ر قه‌باره‌ یاخود کاتى هێرشه‌ تۆڵه‌ییه‌که‌ى ئه‌مه‌ریکا.

به‌ڵام کیربى وتى ئه‌مه‌ریکا " هه‌وڵى جه‌نگ نادات له‌گه‌ڵ ئێراندا. ئێمه‌ هه‌وڵى ململانێیه‌کى به‌رفراوانتر ناده‌ین له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا."

هه‌ندێک له‌ ڕه‌خنه‌گره‌ کۆمارییه‌کانى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا داوایان له‌ بایدنى دیموکرات کردووه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ ئێران بدات، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ هێرشه‌ ده‌کرێت به‌ خێرایى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بخاته‌ جه‌نگه‌وه‌.

سه‌رکردایه‌تى ناوه‌ندى ئه‌مه‌ریکا وتى له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ سه‌ربازه‌دا که‌ گیانییان له‌ ده‌ستداوه‌، 34 سه‌ربازى دیکه‌ش له‌ هێرشه‌که‌دا بریندار بوون، هێرشه‌که‌ کرایه‌ سه‌ر بنکه‌یه‌ک له‌ باکوورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئوردن له‌ نزیک سنوورى سوریاوه‌. هێشتا نه‌زاندراوه‌ ئه‌و فڕۆکه‌ بێفڕۆکه‌وانه‌ چۆن توانیویه‌تى خۆى له‌ به‌رگرییه‌ ئاسمانییه‌کانى ئه‌مه‌ریکا بدزێته‌وه‌، یاخود له‌ کوێوه‌ هه‌ڵدراوه‌.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ڕه‌تى کردووه‌ته‌وه‌ وڵاته‌که‌ ده‌ستى هه‌بووبێت له‌و هێرشه‌دا. ده‌زگاى هه‌واڵى ئیرناى ئێران له‌ زارى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ناسێ‌ که‌نعانییه‌وه‌ بڵاویکرده‌وه‌ " کۆمارى ئیسلامى ئێران هیچ ڕۆڵێکى نیه‌ له‌و بڕیارانه‌دا که‌ گروپه‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کان ده‌یده‌ن له‌سه‌ر چۆنێتى پشتیوانیکردنییان له‌ گه‌لى فه‌له‌ستینى یاخود به‌رگریکردن له‌ خه‌ڵکى خۆیان."

بایدن وتى سێ سه‌ربازه‌که‌ى ئه‌مه‌ریکا " نیشتیمانپه‌روه‌ر بوون." وتى " به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پابه‌ندبوونه‌که‌ى ئه‌وان به‌ شه‌ڕکردنه‌وه‌ دژى تیرۆر. هیچ گومانێکیشتان نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ سزاى هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ده‌ین که‌ به‌رپرس بوون، له‌ کات و شێوازێکدا که‌ خۆمان هه‌ڵیده‌بژێرین."

ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ بایدن له‌ بۆنه‌یه‌کدا له‌ ساوپ کارۆلاینا وتى " وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه‌." دواى ئه‌وه‌ش داواى ساتێک بێده‌نگى کرد.

به‌پێى ڕۆژنامه‌ى واشنتن پۆست، به‌رهه‌ڵستکارى ئیسلامى له‌ عێراق که‌ گروپێکه‌ پێکهاتووه‌ له‌ که‌تائیب حیزبوڵا و حه‌ره‌که‌ت حیزبوڵا ئه‌ل نوجابه‌ و گروپه‌ چه‌کدارییه‌کانى دیکه‌ى سه‌ر به‌ ئێران، به‌رپرسیارێتى ئه‌و هێرشه‌یان ڕاگه‌یاند.

به‌رپرسێکى گروپه‌که‌ به‌ ڕۆژنامه‌که‌ى وت " وه‌کو چۆن پێشتر وتوومانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا به‌رده‌وام بێت له‌ پشتیوانیکردن له‌ ئیسڕائیل، په‌ره‌سه‌ندن ده‌بێت. سه‌رجه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ ناوچه‌که‌دا ئامانجى ڕه‌وان و هه‌ڕه‌شه‌کانى ئه‌مه‌ریکا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ گرنگ نیه‌ به‌لامانه‌وه‌. ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌زانین که‌ بۆى ده‌ڕۆین، شه‌هیدبوونیشمان خه‌ڵاته‌که‌مانه‌."



ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ