نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی سەردانەکەی ناتانیاهۆ بۆ سووریا دەکات

20.11.2025
جەماوەر نیوز
ڕێکخراوی نەتەوە تەکگرتووەکان نیگەرانی لە سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بۆ ناوچە قەدەغەکراوەکانی خاکی سووریا دەردەبرێت و گوتەبێژی ڕێکخراوەکەش ڕایگەیاند، سەردانەکە جیگەی نیگەرانیە و بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی دەکەین. 
ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە تەکگرتووەکان دەڵێت: سەردانی ناتانیاهۆ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ ناوچەی داماڵراو لە هێزی سەربازی، جێگەی نیگەرانییە و دەبێت ئیسرائیل ڕێز لە ڕێککەوتننامەی ساڵی 1974 بگرێت. 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتانیاهۆ بە ئاشکرا و بێ ترس سەردانی ئەو ناوچەیەی کردووە، ئەم کارەی ئیسرائیل ئێمەی نیگەران کردووە، هاوکات نائارامی لە ناوچەکە دروست دەکات. 
لەلایەن خۆیەوە دەستەی میدیای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، سەردانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران بۆ ناوچەی داماڵراو لە چەک و هێزی سەربازی، بە مەبەستی دڵنیابوون بووە لە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوانیان لەگەڵ سووریا. 
لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ئیدانەی ئەو کارەی ئیسرائیلی کردووە، ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی ناتانیاهۆ بۆ باشووری سووریا، ئاماژەیەکە بۆ هەبوونی مەترسی لە سەر سەروەری سووریا و یەک پارچە خاکی وڵاتەکە. 
لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕی ساڵی 1967 لە نێوان ئیسرائیل و سووریا و گرتنی بەرزاییەکانی جۆلان لە لایەن ئیسرائیلەوە، چیای شێخ بووە ناوچەیەکی گرنگی پێکدادان و بەرەنگاری هێزەکانی هەردوو وڵات، دواتر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی "جیاکردنەوەی هێزەکان" لە ساڵێ 1974 چیاکە بوو بە بەشێک لە ناوچەی داماڵراو لە هێزی سەربازی، لەو کاتەوە  لەلایەن هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.

بابەتی هاوشێوە