“سیاسی یان سەربازی” نه‌ته‌نیاهۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەماس ده‌دات

20.11.2025
جەماوەر نیوز
کەناڵی 14ی ئیسرائیل بە پشتبەستن بەو بەرپرسانەی کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبونەتەوە، ڕایگەیاندوە، بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ بڕیاریداوە لە داهاتویەکی نزیکدا حەماس هەڵبوەشێنێتەوە، لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی سیاسی یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان.

سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ قۆناغی نوێ ئامادە دەکات، کە بە قۆناغی داهاتو ناوی دەبات و تیایدا پلانەکانی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی بەسەر ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستی حەماس لە کەرتی غەززە ماونەتەوە دەخاتەڕو، ئەوەش ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ و بەرفراوان دەگەیەنێت.

پلانی پەسەندکراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕێگە بە جێگیرکردنی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە دەدات، ئەوە جگە لە ئەگەری دامەزراندنی ڕێڕەوێکی داهاتو کە بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی ببات.

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕایگەیاند، چەکداماڵینی حەماس بەربەستی بنەڕەتییە لەبەردەم هەر هەنگاوێکی داهاتودا، جا بە ئامانجی سەقامگیرکردنی دۆخەکە بێت یان دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی سیاسی نوێ.

17ی ئه‌م مانگه‌، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیارنامەیەکی پەسەندکرد کە لەلایەن ئەمریکاوە داڕێژرابو و پشتگیری لە پلانی ئاشتی ترەمپ بۆ غەززە دەکات.

بابەتی هاوشێوە