پزیشکیان: ناتوانین کێشەی ئاوی تاران چارەسەر بکەین

20.11.2025
جەماوەر نیوز

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، گواستنەوەی پایتەختی وڵاتەکەی کارێکی ناچارییە و گوتیشی، ناتوانن کێشەی ئاوی تاران چارەسەر بکەن.
پزیشکیان، لە سەردانێکی بۆ پارێزگای قەزوینی وڵاتەکەی، ڕایگەیاند، گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ مەکران، راستییەکی حاشا هەڵنەگرە و هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە و ئەو بابەتە زۆرەملێیە.
پزیشکیان دەشڵێت، دەتوانین لە کەنداوەوە ئاو بۆ تاران بهێنین بە جۆرێک بۆ هەر مەترە سێجایەک ئتێچووەکەی نزیکەی 500 هەزار تمەن دەبێت و ئەوەش کارێکی لۆژیکی نابێت.

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ناتوانن کێشەی ئاوی تاران چارەسەر بکەن.
پایتەخت لە باکوورەوە بۆ باشوور
پرسی گواستنەوەی پایتەخت بۆ دووریی زیاتر لە 1800کم لە تاران و نزیک لە کەناراوەکانی کەنداوی عومان، ئێستا بووەتەوە بابەتی گەرمی شەقامی ئێرانی و بەرپرسانی وڵاتەکە.

پێشتریش سەرۆککۆماری وڵاتەکە رایگەیاندبوو، دەبێت پەلە بکرێت لە گواستنەوەی تاران و هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە گواستنەوەی ناوەندی سیاسی و ئابووری بۆ کەناراوەکانی باشووری وڵات.

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری پێشووی ناوخۆی ئێران، ساڵی 2024 رایگەیاندبوو، تێچووی گواستنەوەی پایتەخت زۆرە و نزیکەی 100 ملیار دۆلاری دەوێت، کە ئەوەش بە یەکێک لە ئاستەنگییەکانی بەردەم ئەو گواستنەوەیە دادەنرێت.
بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکان کە لە ناوخۆی ئێران کراوە، لە ئەگەری گواستنەوەی پایتەخت بۆ مەکران، بەهۆی هەڵکەوتەی جواگرافییەوە، پایتەخت دەبێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و ستراتیجی و لە بوومەلەرزە دوور دەبێت.


بابەتی هاوشێوە