خوێندکارانى کورد له‌تورکیا داواى خوێندنى زمانى کوردى له‌ زانکۆکاندا ده‌که‌ن

13.06.2023
جەماوەر نیوز

له‌ زانکۆکانى تورکیا، ساڵى خوێندنى 2022-2023 له‌ ڕۆژى هه‌ینى 16ى شه‌ش کۆتایى دێت. به‌ڵام خوێندکارانى کورد گازنده‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى نیشتمانى باڵاى تورکیا (TBMM) ده‌که‌ن، چونکه‌ له‌ زانکۆکانى تورکیادا خوێندنى کوردى نییه‌.

ئه‌وان داوا له‌ ئه‌نجومه‌نه‌که‌ ده‌که‌ن له‌ ماوه‌ى ساڵى خوێندنى 2023-2024دا به‌رنامه‌ى خوێندنى کوردیش له‌ زانکۆکاندا دابنرێت.

هێلین کایا خوێندکارێکى کورده‌ له‌ زانکۆى ئانکه‌ره‌ ده‌خوێنێت. ئه‌و به‌ زمانى تورکى ده‌خوێنێت و له‌ هه‌مان کاتدا له‌ زانکۆ فێرى زمانى ئینگلیزى ده‌بێت. گه‌وره‌ترین گله‌یى ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆچى به‌شى زمان و ئه‌ده‌بى کوردى له‌ زانکۆکاندا نییه‌.

هێلین کایا به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى گوت " کاتێک سه‌یرى ئه‌و زانکۆیه‌ ده‌که‌م که‌ ئێستا لێى ده‌خوێنم، به‌شى زمانى ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسی، بولگاری، عه‌ره‌بی، فارسى و چه‌ندین زمانى دیکه‌ کراونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت زمان و ئه‌ده‌بى ئوردوش هه‌یه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زمان و ئه‌ده‌بى کوردى لێره‌ نییه‌. زۆر دڵته‌نگم به‌م بابه‌ته‌".

 
هێلین ده‌خوازێت داواکارییه‌که‌ى بگات به‌ په‌رله‌مانتارانى تورکیا.

ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان هى هه‌موومان بێت، وه‌ک ده‌وترێت، داوا له‌ هه‌موو په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆکى په‌رله‌مان ده‌که‌م بێن و ئه‌م ناعه‌داله‌تییه‌ به‌رامبه‌ر ئێمه‌ى خوێندکارانى کورد نه‌هێڵن".

مامۆستاى زمانى کوردى عومه‌ر توران که‌ له‌ ڕێگه‌ى کۆمه‌ڵه‌ى زمان، چاند و هونه‌ر (ANKA DER) له‌ ئانکه‌ره‌ وانه‌ى زمانى کوردى ده‌ڵێته‌وه‌. ئه‌و ئه‌م داواکاریانه‌ى خوێندکارانى کورد به‌ داواکارییه‌کى ڕه‌وا ده‌بینێت.

توران ده‌ڵێت "خوێندن له‌ زانکۆکانى تورکیا به‌ زمانى ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی، ئه‌ڵمانی، عه‌ره‌بى و چه‌ندین زمانى دیکه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا زمانى کوردى به‌ به‌راورد به‌و زمانانه‌ به‌ نه‌بوو داده‌نرێت. به‌ڕاى من ئه‌مه‌ نادادپه‌روه‌رییه‌کى گه‌وره‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خوێندکارانى کورد، پێویسته‌ ئه‌مه‌ نه‌هێڵرێت."

هه‌روه‌ها فه‌وزى بولغان به‌ڕێوه‌به‌رى بزووتنه‌وه‌ى زمانى کوردى (HEZKURD) به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى ڕاگه‌یاند، به‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى زمانى کوردى بکرێته‌ زمانى فه‌رمی، نامه‌یه‌کیان ئاراسته‌ى ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا کردووه‌.

 
بوڵغان ده‌شڵێت " جارێکى تر دووپاتى ده‌که‌ینه‌وه‌ ده‌ڵێین پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ئاسته‌نگه‌کانى به‌رده‌م زمانى کوردى لاببرێن. ئه‌گه‌ر له‌ تورکیادا له‌ ڕووى کولتوور و زمانه‌وه‌ یه‌کسانى نه‌بێت، ئاشتییه‌کى به‌رده‌وام دروست نایه‌ته‌ دی. داوامان له‌ په‌رله‌مان و زۆرێک له‌ لایه‌نه‌کان کرد ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ نه‌هێڵن."

له‌ تورکیا له‌ ساڵى 2011 بۆ یه‌که‌م جار به‌شى زمان و ئه‌ده‌بى کوردى له‌ زانکۆى ئارتوکلو له‌ ماردین و پاشان له‌ موش و چه‌ولیک کرایه‌وه‌. به‌ڵام خوێندکاران و چالاکوانانى کورد ده‌ڵێن ئه‌مه‌ به‌س نییه‌ بۆ پێداویستییه‌کانیان.

هه‌مان کێشه‌ له‌سه‌ر زمانى کوردى له‌ په‌رله‌مانى تورکیادا هه‌یه‌. له‌ په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر وتارێک به‌ زمانى ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسى یان عه‌ره‌بى بێت، ده‌ستبه‌جێ ناوى زمانه‌کان تۆمار ده‌کرێت، به‌ڵام کاتێک به‌ زمانى کوردى قسه‌ ده‌کرێت ده‌نوسرێت زمانى X یان نادیار.



ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ