جەماوەر نیوز
ده‌قى وتارى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له کۆنفرانسى (کوردستان لانکه‌ى به‌یه‌که‌وه‌ژیانى ئاشتییانه )
به ناوى خواى گه‌وره و میهره‌بان
ئاماده‌بوونى به‌ڕێز
زۆر زۆر به‌خێر بێن . سوپاسى ئاماده‌بوونى هه‌مووتان ده‌که‌م. سوپاسى ئاماده‌بوونى مامۆستایانى ئایینى له هه‌موو ئایین و ئایینزا جیاوازه‌کانى کوردستان ده‌که‌م که ته‌شریفیان هێناوه و لێره له گه‌ڵمانن . هه‌روه‌ها سوپاسى ئاماده‌بوونى مامۆستا به‌ڕێزه‌کانى زانکۆکان و هه‌رهه‌مووتان ده‌که‌م .
ئێمه پێویستیمان به ڕێنمایى و بۆچوونه‌کانى ئێوه هه‌یه . هه‌روه‌ک چۆن توانیوتانه تاکو ئێستا به ڕێنماییه‌کانى خۆتان، کوردستان وه‌کو لانکه‌ى ئاشتى و پێکه‌وه‌ژیان بپارێزن ، هیوادارم به هه‌مان شێوه، نه‌وه‌کانى داهاتووشمان به‌م شێوه‌یه په‌روه‌رده بکه‌ن.
ده‌ستخۆشى له ڕێکخه‌رانى ئه‌م کۆنفرانسه وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینى ده‌که‌م بۆ ڕێکخستنى ئه‌م کۆنفرانسه له‌م بۆنه‌یه که ڕۆژى نێوده‌وڵه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى وتارى ڕق و کینه.
له مێژووى مرۆڤایه‌تیدا و تا ئه‌مرۆش وتار و دروشمى دوژمنکارانه و هاندانى توندوتیژی، کاره‌ساتى گه‌وره‌ى لێکه‌تووه‌ته‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا، که سه‌رده‌مى پێشکه‌وتن و ته‌کنه‌لۆژیایه، هێشتا ئه‌و جۆره وتارانه مایه‌ى نیگه‌رانین و لێکهوتهکانیشى زۆر به‌رچاون و ده‌بینین که له زۆر وڵات و ناوچه‌ى جیاجیاى جیهاندا شه‌ێ وخوێنڕشتن به‌رده‌وامه.
به‌ڕێزان:
هه‌ر وه‌ک له دروشمى ئه‌م بۆنه‌یه‌شدا هاتووه، کوردستان هه‌میشه لانکه‌ى پێکه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه بووه، چه‌ندین هه‌زار ساڵه که ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ى ئێمه، نه‌ته‌وه و ئایین و باوه‌ڕى جیاجیاى له خۆ گرتووه و پێکه‌وه‌ژیان و یه‌کترقبوڵکردن بووه‌ته به‌شێک له کو‌لتوور و رێچکه‌ى ژیانى ئێمه. له زۆربه‌ى ده‌ڤه‌ره‌کانى کوردستان کورد و تورکمان وکلدان وئاشوورى و سریان و ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب و موسولمان و مه‌سیحى و ئێزدى و جوو، پێکه‌وه ژیاون و له ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا، یارمه‌تیده‌رى یه‌کتربوونه. من خه‌ڵکى دهڤهرێکم که مزگه‌وت و که‌نیسه و کنشت، له یه‌ک گونددا جێگه‌یان بووه‌ته‌وه. هه‌میشه شانازى به‌و کولتوره ده‌که‌م و هه‌موو توانایه‌کم ده‌خه‌مه گه‌ێ بۆ هێشتنه‌وه و په‌ره‌پێدانى ئه‌م کولتووره جوانه.
به‌رێزان،
هه‌رچه‌نده هه‌رێمى کوردستان ئه‌و ناوه‌ند و لانکه‌یه بووه که هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزایه‌ک تیایدا هه‌ستیان به ئارامى و ئاسووده‌یى کردووه، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌م دوورگه ئارامه، که‌وتووه‌ته به‌ر هێرشى هزرى دوژمنکارانه، هه‌میشه هه‌وڵدراوه ئه‌م کولتوورى پێکهوهژیانهى هه‌رێم بشێوێندرێت و ته‌نانه‌ت هه‌وڵى سڕینه‌وه و جینۆسایدى نه‌ته‌وه و ئایینه‌کانى ناو کوردستان دراوه.
مێژووى نوێى نیشتمانمان، گه‌واهیده‌رى ئه‌وه‌یه که به هۆى هزرى شۆڤینى و دوژمنکارانه و حاشاییکردن له بوونى نه‌ته‌وه‌ى ئێمه، وڵاتمان دووچارى چه‌نده‌ها کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژیى گه‌وره بوویه‌وه. وێرانکردن وسووتاندن و زینده‌به‌چاڵ کردن و ئه‌نفال و کیمیابارانکردن، ده‌ره‌نجامى زاڵبوونى ئه‌و هزر و عه‌قلییه‌ته بوو که نکۆڵى له یه‌کسانى و دادپه‌روه‌ریى و داننان به مافى نه‌ته‌وه‌کانى تر ده‌کرد.
ئه‌مرۆ زۆر له‌و که‌س و لایه‌نانه‌ى په‌لامارى ئێمه‌یان ده‌دا نه‌ماون، به‌ڵام ئێمه هه‌ر ماوین، ئه‌وه‌ش بێگومان به هۆى پاراستنى ئه‌و کو‌لتوور و هزرهى پێکه‌وه‌ژیانه‌یه. هه‌موولایه‌ک ده‌زانن که له سه‌رده‌مى شۆڕشى ئه‌یلوولدا ، وێڕاى ئه‌و هه‌موو کوشتاره‌ى له هاونیشتمانیانمان کرا، بارزانیى نه‌مر هه‌میشه جه‌ختى له‌وه ده‌کرده‌وه که ئێمه ڕێگه ناده‌ین ئه‌و شه‌ڕه ببێت به شه‌ڕى نێوان کورد و عه‌ره‌ب، به‌ڵکو هه‌میشه ده‌یگوت که، شه‌ڕى ئێمه له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵاتدارانى زۆرداره نه‌ک نه‌ته‌وه‌کان. له کاتى ڕاپه‌رینیش که ته‌نیا سێ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌نفال و کیمیاباراندا تێپه‌ڕیبوو، به هه‌زاران سه‌ربازى عێراقى له هه‌رێمى کوردستاندا به‌دیل گیران، به‌ڵام جه‌نابى سه‌رۆک بارزانى بانگه‌وازى دا که ڕێزیان لێ بگیرێت و بپارێزرێن.
ئێمه هه‌میشه ئه‌م کولتووره جوانه ده‌پارێزین و گوتارى ئێمه گوتارى خۆشه‌ویستى و پێکه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه و ڕێزگرتنى به‌رامبه‌ر و یه‌کسانى و دادپه‌روه‌رى ده‌بێت. ئێمه ڕێگه ناده‌ین هیچ هزرێکى کینه وتوندوتیژى هاورده‌ى ناو هه‌رێم بکرێت.
به‌ڵام به‌داخه‌وه که ده‌بینین ده‌رس له مێژوو وه‌رنه‌گیراوه و دیسان که‌سانێک هه‌وڵى بڵاوکردنه‌وه‌ى هزرى شۆڤێنى و یه‌کترسڕینه‌وه و خۆسه‌پاندن ده‌ده‌ن.
ئێمه بۆ دامه‌زراندنى عێراقێکى فیدرالى و دیموکرات، زۆر سازشمان کرد، ئێمه به هه‌موو توانایه‌ک، هه‌وڵماندا عێراقێکى نوێ ئاوا بکرێت که تیایدا هه‌موو پێکهاته‌کانى هه‌ست به بوونى خۆیان و پاراستنى ماف وتایبهتمهندییهکانیان بکه‌ن، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ده‌بینین که هێدى هێدى ئه‌و پرۆسه‌یه له رێچکه‌ى خۆى لاده‌دات و خه‌ریکه عێراق به ئاراسته‌یه‌ک ده‌بردرێت که دووچارى ئه‌زموونه تاڵه‌کانى ڕابردوو ببێته‌وه.
ده‌بینین هه‌وڵى پێشێلکردنى مافه ده‌ستووریه‌کانمان ده‌درێت، ده‌بینین گوتارى کینه و دوژمنکارانه به‌رامبه‌ر هه‌رێمى کوردستان بڵاوده‌کرێته‌وه و به شێوازێکى چه‌واشه‌کارانه وا بڵاو ده‌که‌نه‌وه که پێشکه‌وتن و ئاوه‌دانیى هه‌رێمى کوردستان له سه‌ر حسابى ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراقه و به‌و جۆره ده‌یانه‌وێت خراپ به‌رێوه‌بردن و به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى و گه‌نده‌ڵییه‌کانیان بشارنه‌وه.
له‌و ساڵانه‌ى که شه‌ڕێکى تایفى له زۆر شوێنى عێراق له ئارادابوو، هه‌رێمى کوردستان ببوو به په‌ناگه‌ى هه‌موو لایه‌ک. هه‌موو ئه‌و تایفانهى له شوێنه‌کانى دیکه‌ى عێراق یه‌کتریان ده‌کوشت له هه‌رێمى کوردستان ده‌بوون به هاوسێى یه‌کتر. له سه‌رده‌مى جه‌نگى دژى تیرۆریستانى داعش‌یش، به سه‌دان هه‌زار خه‌ڵکى ناوچه‌کانى دیکه‌ى عیراق ڕوویان له هه‌رێم کرد و تا ئێستاش زۆربه‌یان ئاماده نین که‌مپه‌کان چۆل بکه‌ن و بگه‌رێنه‌وه شوێنه‌کانیان، چونکه هێشتا هه‌ست به مه‌ترسى ده‌که‌ن.
ئێمه شانازى به‌وه ده‌که‌ین که کولتوورێکى وامان هه‌یه و به هه‌موومان ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین په‌ره به هزر و گیانى پێکه‌وه ژیان بده‌ین. داواشمان له خه‌ڵک و به‌رپرسانى دڵسۆزى ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراقه، که ڕێگه له بڵاوکردنه‌وه‌ى هزرى توندوتیژى و نکۆڵیکردن له یه‌کتر بگرن و په‌ند له مێژووى خوێناوى عێراق وه‌رگرن. با هه‌موومان پێکه‌وه کار بکه‌ین بۆ چه‌سپاندنى ئاشتى و ته‌بایى و تواناکانمان بخه‌ینه گه‌ڕ، که نه‌ک هه‌ر له هه‌رێم و عێراقدا، به‌ڵکو له هه‌موو ناوچه‌که و جیهانیشدا ببین به فاکته‌رى چه‌سپاندنى ئاشتى و نه‌هێشتنى جه‌نگ و خوێنڕشتن.
به‌رێزان...
له کۆتاییدا پێویسته جه‌خت له‌وه بکه‌ینه‌وه که پابه‌ندبوون به ده‌ستوورى عێراق، تاکه گه‌ره‌نتیى سه‌قامگیرى و پاراستنى مافى هه‌موو پێکهاته‌کانى عێراقه. کوردستان و هه‌موو پێکهاته‌کانی، دوچارى چه‌ندین هه‌وڵى پاکتاو و سڕینه‌وه بوونه، وه‌ک ئه‌نفال و کیمیاباران و داگیرکردنى زه‌وى و زار و گواستنه‌وه و سڕینه‌وه‌ى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه به پێى ده‌ستوور، داواى قه‌ره‌بووى ئه‌و هه‌موو سته‌مه ده‌که‌ین که لێمان کراوه.
کێشه‌ى ئێمه ته‌نیا کێشه‌ى مووچه و بابه‌تى دارایى نیه، ئێستا زۆربه‌ى مافه ده‌ستوورییه‌کانى ئێمه‌یان پشت گوێ خستووه و پێشێل کردووه، نموونه‌ى هه‌ره زه‌قیش ئه‌وه‌یه، که تا ئێستا له که‌رکوک و ده‌ورووبه‌ری، جووتیارانى کورد و تورکمان هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره و زه‌وى و زاریان لێ داگیر ده‌کرێت، که‌چى ده‌یانه‌وێت هه‌موو مافه‌کانى ئێمه، له بابه‌تى دارایى و مووچه‌دا بچوک بکه‌نه‌وه و ئه‌وجا ئه‌م بابه‌ته‌ش له دژى ئێمه به‌کار بێننه‌وه.
داوام له ده‌سه‌لاتدارانى به‌غدا ئه‌وه‌یه که ڕێز له ده‌ستوور بگرن و وانه له مێژوو وه‌رگرن. ئه‌وه‌ى به ئاشتى و سه‌قامگیرى ده‌توانین به‌ده‌ستى بێنین، به شه‌ێ و سته‌م و خۆسه‌پاندن ناهێته دی.
داوام له هاووڵاتیانى خۆشه‌ویستى کوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌کانى هه‌رێمیش، ئه‌وه‌یه که خه‌بات و قوربانیدانى گه‌له‌که‌مان له بیر نه‌که‌ن و به‌ها به‌رزه‌کانى خۆیان له ژێر هیچ فشارێک و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌سک له ده‌ست نه‌ده‌ن و به‌رده‌وام بن بۆ په‌ره‌پێدان به‌و کولتووره و ڕێزگرتن له‌و به‌ها پیرۆزانه‌ى که هه‌مانه له پێناو نیشتمانێکى گه‌شه‌سه‌ندو و به‌هێز.
ئێوه هه‌ر شاد و کامه‌ران بن و کوردستانیش هه‌ر ئاوه‌دان بێت.