تۆره‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان دیکتاتۆر ده‌کات به‌فریشته‌
09.12.2019

هۆشیارجەمال

له‌دواى هاتنى ته‌کنه‌لۆژیا و به‌کارهێنانى تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و فراوان بوونیان له‌ هه‌رێمى کوردستان و به‌کارهێنانیان له‌لایه‌ن زۆرترین هاوڵاتییه‌وه‌ به‌به‌رده‌وامی، ئه‌مه‌ واى کردوه‌ جۆرێک له‌فه‌وزا و پشێوى دروستبێت، به‌جۆرێک هه‌رچى ڤیدۆ و قسه‌ى نه‌شیاو و وێنه‌ى نه‌شیاو هه‌یه‌ بێ سانسۆر بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌شکرێک له‌ خه‌ڵکیش له‌ تێچێن قسه‌ده‌کات و ده‌نووسێت به‌بیانوى ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى هه‌یه‌، یاخود ڕاى خۆى ده‌رده‌بڕێت.

ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستمه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر بکه‌م وێنه‌ و وته‌ و ڤیدۆکانى گه‌وره‌ترین دیکتاتۆرى سه‌ده‌ى ڕابردوو (سه‌دام حوسێن)ه‌، که‌ له‌لایه‌ن چه‌ندین په‌یج و ئه‌کاونتى کوردییه‌وه‌ وێنه‌ و ڤیدۆى بۆ بڵاوده‌کرێته‌وه‌ و ستایش ده‌کرێت وه‌ک فریشته‌یه‌ک نیشانده‌درێت!

جا ئه‌وه‌نده‌ى من چاودێرى ئه‌و په‌یجانه‌م کردبێت ده‌گه‌ڕێن ئه‌و ڤیدۆ و لێدوانانه‌ى سه‌دام بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ که‌ باسى کورد ده‌کات و پاکى خۆى نیشان ده‌دات، بۆنموونه‌ سه‌دام سه‌ردانى ناوچه‌یه‌کى شاخاوى کوردستانى کردووه‌ له‌گه‌ڵ کوڕه‌ جوتیارێک قسه‌ده‌کات و ده‌ڵێت: "من گونده‌کان ئاوه‌دان ده‌که‌مه‌وه‌ و کاره‌باتان بۆده‌هێنم و ژیانتان پارێزراوده‌بێت، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ که‌ ئه‌و به‌ تێکده‌ر ناوى ده‌بات وێرانى ده‌که‌ن، یاخود له‌ ڤیدۆیه‌کى تردا سه‌دام له‌ هۆڵى دادگادا هه‌وڵى جوڵاندنى سۆزى خه‌ڵکى ده‌دات و ده‌ڵێت: "له‌کاتى شه‌ڕى (کوێت)دا، که‌خۆى به‌ ڕزگارکردنى کوێت ناوى ده‌بات ئه‌فسه‌رێکى عێراقى ده‌ستدرێژى کردۆته‌ سه‌ر هاوڵاتییه‌کى عه‌ره‌ب، که‌ نه‌ عێراقى بووه‌و نه‌ کوێتى بووه‌، به‌ڵام من لیژنه‌م بۆ دروستکرد بۆ سه‌لماندنى تاوانه‌که‌ له‌ کۆتایدا فه‌رمانم کرد به‌ له‌سێداره‌دانى و سێ ڕۆژ ته‌رمه‌که‌یم هێشته‌وه‌ تا ببێت به‌ عیبره‌ت، ئایا ئه‌وه‌ له‌ ڕیشى من ده‌وه‌شێته‌وه‌ بهێڵم ده‌ستدرێژى بکرێته‌ سه‌ر گه‌لى کورد"؟
جا له‌کاتى قسه‌کردنه‌که‌ى سه‌دامدا میوزیکێکى غه‌مگین دانراوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگه‌که‌دا، له‌ تێچێنیش له‌شکرێک له‌ هاوڵاتى کوردى بێ ئاگا و به‌ ئاگاش ڕه‌حمه‌ت و په‌سن و ستایشى بۆ سه‌دام نوسیوه‌.

له‌ ڕاستیدا سه‌دام هیچى که‌مترنه‌بوو له‌ هیتله‌ر و ستالین و دیکتاتۆره‌کانى سه‌ده‌ى بیست، هیتله‌ر هۆڵۆکۆستى کردبێت ئه‌وا سه‌دامیش ئه‌نفالى ئه‌نجامداوه‌، که‌ هیچى که‌مترنییه‌ له‌ هۆلۆکۆستى جوله‌که‌، که‌ ئێستا حوکمى جیهان ده‌که‌ن و گه‌لى کوردیش له‌باشور هه‌ر له‌ خه‌مى ئه‌وه‌دایه‌ مانگانه‌ بڕه‌ مووچه‌که‌ى وه‌رگرێت یان نا، پارچه‌کانى باکور و ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستانیش کوردبوونى لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌ و زمان و کلتور و هزرى نه‌ته‌وه‌یى له‌ناوده‌درێت له‌ لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌، له‌ ڕۆژئاواى کوردستانیش هه‌رچى هێزى تیرۆرستیه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ و له‌ژێر ناوێکدا دروستى ده‌که‌ن و زلهێزه‌کان دژى کورد به‌کارى ده‌هێنن.

سوپاکه‌ى سه‌دام له‌ ئه‌نفالدا هه‌رچى جۆرى سزایه‌ به‌کارى هێنا له‌ دژى کورد، نوسه‌ر (محمه‌د ڕه‌ئوف) له‌ کتێبى (پاکیزه‌کانى ئه‌نفال)دا، که‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى ورده‌ له‌سه‌ر کچه‌ فرۆشراوه‌کانى ئه‌نفال زۆر به‌وردى کارى له‌سه‌ر پرسى ژنى کورد کردوه‌ له‌ ساته‌وه‌ختى ده‌ستپێکردنى پڕۆسه‌ى ئه‌نفال و له‌ زیندانه‌کانى به‌عسدا.

که‌ چه‌ندین چیرۆکى ڕاسته‌قینه‌ى کچه‌ کورده‌کانى تێدایه‌ که‌ ئه‌ستمه‌ بۆ که‌سێک که‌مێک مرۆڤایه‌تى له‌ ناخیدا هه‌بێت شۆک نه‌بێت، یاخود نه‌گرى له‌به‌رده‌م چیرۆکى ئه‌و کچانه‌دا، له‌ لاپه‌ره‌ (٦٨)ى کتێبه‌که‌دا چیرۆکى ژنێک ده‌گێڕێته‌وه‌ به‌ناوى ( ڕه‌حمه‌ عبدولکه‌ریم) که‌ ده‌ربازبووى ئه‌نفاله‌و ده‌ڵێت: " به‌ چاوى خۆم له‌ سه‌ربازگه‌ى تۆبزاوه‌ ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ر ئافره‌تانم بینوه‌، کچێکى زۆر جوان که‌ ناوى به‌یان بوو خه‌ڵکى گونده‌کانى قه‌ره‌حه‌سه‌ن بوو ته‌مه‌نى له‌نێوان (١٤ – ١٥)ساڵ بوو، عه‌سکه‌ره‌کان په‌لاماریان ده‌دا؛ تا له‌تاوا شێت بوو، دواتر به‌ زنجیر ده‌یانبه‌سته‌وه‌ به‌ په‌نجه‌ره‌کانه‌وه‌".

هه‌روه‌ها ئافره‌تێکى هه‌ڵهاتووى عه‌رعه‌ر ده‌گێڕێته‌وه‌: ڕۆژى وا هه‌بووه‌ (١٢)پیاو هاتوونه‌ته‌ لام و ده‌ستدرێژیان کردۆته‌ سه‌ر ناموسم.

ئه‌مانه‌ دوو نموونه‌ى زۆر کورتن، به‌ڵام ئاوێنه‌ى هه‌زاران تاوانى ناو ئه‌نفاله‌، که‌ دیکتاتۆرى گه‌وره‌ سه‌دام حوسێن ئه‌نجامى داوه‌، ئێستاش لێیان کردوین به‌ فریادڕه‌س.

له‌ ڕاستیدا من پێم وایه‌ پێویسته‌ حوکومه‌ت له‌ڕێگه‌ى یاساوه‌ ڕێگه‌ نه‌دات ئه‌م جۆره‌ تێگه‌یشتنه‌ بڵاوبێته‌وه‌، له‌ناو کوردا و هه‌رچى ئه‌کاونت و په‌یج هه‌یه‌ که‌ له‌م شێوه‌یه‌ن دابخرێن و که‌سانى پشت ئه‌م کارانه‌ سزاى یاسایى توند بدرێن، به‌ڵام ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى تێچێن ده‌نووسن له‌و په‌یجانه‌و ستایش ده‌که‌ن وه‌ک ناڕه‌زاییه‌ک له‌ حوکومه‌تى هه‌رێم قسه‌کانیان مایه‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر کردنه‌، چۆن گه‌نجێکى ئه‌م وڵاته‌ گه‌یشتۆته‌ قۆناغێک که‌ ئیتر بێزارى له‌ ژیان و حوکومڕانى له‌م هه‌رێمه‌ واى لێبکات ستایشى سه‌دام بکات؟!

ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ له‌ نائاگاییه‌وه‌ له‌ پرسى ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ عه‌ره‌بکردن و ته‌عریب و ته‌بعیس نوسیویانه‌ پێوسته‌ ئاشنابکرێن به‌م تاوانانه‌ى سه‌دام و بیر و بۆچونیان بگۆڕێت له‌به‌رامبه‌ر دیکتاتۆرێکى وا گه‌وره‌ که‌ ناموسى کوردى له‌که‌دار کرد.

پێویسته‌ لێکه‌وته‌کانى ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و وێرانکردنى گونده‌کان ئاشنابکرێن به‌ نه‌وه‌ى نوێى کورد، که‌ چى به‌سه‌ر هاتووه‌ تا گه‌یشتووه‌ به‌م قۆناغه‌، هه‌رچى په‌یوه‌ندى به‌و که‌سانه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ ئاگاییه‌وه‌ تێچینه‌کانیان ده‌نوسن و ستایش و په‌سنى سه‌دام ده‌که‌ن له‌ تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و له‌ بێزارى و بێکارى که‌ به‌شى زۆرى زانکۆى ته‌واو کردوه‌ و که‌س حساب بۆ بڕوانامه‌که‌یان ناکات و ده‌ستى کارى وڵاتن و سودیان لێ نابیرێت مرۆڤى پاکن، به‌ڵام توڕه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتى حیزب و به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و هه‌روه‌ها ئه‌و حیزبانه‌ى به‌ ناوى چاکسازییه‌وه‌ شه‌ریکى گه‌نده‌ڵیه‌کانى ئه‌م وڵاته‌ن.

هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنى ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ لاى ئه‌و که‌سانه‌ که‌ ناڕه‌زایى خۆیان ئاوا ده‌رده‌بڕن، ئه‌رکى حوکومه‌ته‌ له‌ جیاتى خۆکه‌ڕکردن و بێ ده‌نگ بوون له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵوێسته‌ى جددى هه‌بێت به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان هه‌وڵبدات ئینتیما بۆ هاوڵاتى کورد بگێڕێته‌وه‌ و ڕێگه‌نه‌دات که‌ توانا و لێوه‌شاوه‌ییه‌کانى گه‌نجانى وڵاته‌که‌ى بگۆڕێت بۆ جنێو و ئیهانه‌کردن به‌ که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفال کراوان، چونکه‌ یه‌ک وشه‌ بنوسرێت بۆ پشتگیرى کردنى سه‌دام وکلتوره‌که‌ى یه‌کسانه‌ به‌ ئیهانه‌کردن به‌ به‌شى زۆرى میلله‌تى کورد به‌گشتى و که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان به‌ تایبه‌تى که‌ ئه‌مه‌ش مایه‌ى قبوڵکردن نییه‌.


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ