میدیای کوردی و پڕوپاگەندەی سیاسی
10.12.2023

هۆشیار جه‌مال

وشەی پڕوپاگەندە، لە وشەیەكی كۆنی لاتینییەوە وەرگیراوە كە بەمانای فراوانبوون، بڵاوكردنەوە، بانگەواز، چاندن یان بڵاوكردنەوەی تۆو» دێت. پڕوپاگەندە لە زۆر بواردا بەكاردێت وەك لە بواری راگەیاندن و سیاسەت و ئابووری و بازرگانیدا بە مەبەستی فرۆشتنی زیاتر و قازانج و داهاتی زیاتر و دەسكەوتن.

پڕوپاگەندە هێندە نزیکە لە درۆ وە لە ڕاستیەوە نزیک نیە، زیاتر لە بواری سیاسیدا بەکاردێت، لە لایەن پارت و لایەنە سیاسیەکانەوە لە پێناو کاریگەری جێهێشتن لەسەر وەرگر یاخود جەماوەر و بۆ کۆکردنەوەی دەنگیان بۆ کاتی هەڵبژاردن، میدیا باشترین و خێراترین ئامڕازە بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی سیاسی.

لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی میدیای نیشتمانی یاخود بێلایەن بوونی نیە، میدیا جەماوەریەکانی وەک (ڕۆژنامە، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، ماڵپەر و دیجیتاڵ میدیا) سەرجەمیان گرێدراوی حیزبن، چ بەشێوەی فەڕمی بێت یان نا فەڕمی، کە بە چەندین ڕێگا و شێواز هەوڵی پڕوپاگەندەیان داوە و چین و توێژەکانیان پۆلێن کردووە و بۆ هەر کۆمەڵێک بەشێوەیەکی جیاواز پڕوپاگەندەیان کردووە، بەڵێنی ناڕاستیان داوە و جەماوەریان کردووە بە قوربانی پڕوپاگەندە سیاسیەکانیان لە پێناو بە دەستهێنانی بەرژەوەندی ماددی و سیاسی بۆ خۆیان.

یەکەم توێژی قوربانی پڕوپاگەندەی سیاسی کە له ڕێگای میدیا بووە، گەنجانی کوردستانە کە حیزبەکان بەچەندین دروشمی سیاسی گەورە له ڕێگای میدیای حیزبەوە و بە دیاریکراوی لە ڕێگای دیجیتاڵ میدیاوە گەنجان بەکاردەهێنرێن بۆ خۆپیشاندان و لە ژێرناوی شەڕکردن لە پێناو مافەکانیان یان بۆ دەنگدان لە ڕۆژی هەڵبژاردن، کە لە بنەڕەتدا بەکارهێنانیان بووە لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی و کەسیدا.

بەشێکی تری لایەنە سیاسیەکان و کارەکتەرەکانی سیاسەت، ئاین دەکەنە کەرەستەیەکی باش بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی، کە ئەمەش کاریگەری خێرا لەسەر جەماوەر بەجێدەهێڵێت، کە ئەویش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی پابەندی ئاینیان هەیە، بەجۆرێک سیاسی هەبووە زیاتر لە (50) ساڵی تەمەنی سیاسی خۆی له ناو پارتێکی چەپی دەسەڵاتدا بەرپرس بووە، بەڵام کاتێک بووە بە ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگای سەردانی کردنی مزگەوتەوە، وای لەبەشێک لە جەماوەر کردووە بڕوای پێبکەن و بکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندە سیاسیەکانیەوە، یاخود سیاسیەکی تر لە ڕێگای تۆڕێکی بەهێزی میدیایەوە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەکات، بەڵام هەمان کارەکتەر بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی کەناڵێکی ئاینی کردۆتەوە بەشێک لە جەماوەریش کەوتوونەتە ژێرکاریگەری پڕوپاگەندە سیاسیەکانیەوە.

بەشێکی تری قوربانی پڕوپاگەندەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کەسانەی بەتەمەنی سەرو (50) ساڵە، کە ئەم توێژەی کۆمەڵگا لە ڕێگای هەواڵ و ڕێگای ڕاپۆرتە هەواڵەوە چ بەڕێگای دەرخستنی کەم کورتیەکانی حکومەت بێت، یان ڕیکلامی پڕۆژەکانی حکومەت بێت؟ دەکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی سیاسیەوە. بەگشتی ئەم توێژانە کە لە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی سیاسیەکان و لە ڕێگای میدیاکانەوە بڕیار دەدەن، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری و نائاگاییان و بەکاردەهێنرێن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری حیزب، یاخود کارەکتەری سیاسی کە ڕۆژێک لەبەرگی دەسەڵات و ڕۆژێک لە بەرگی ئۆپۆزسیۆندا شەڕی پاراستی بەرژەوەندیەکانی دەکەن و میدیاش وەک ئامڕازێکی کاریگەر بەکاردەهێنن.


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ