رۆژی ئاڵای كوردستان شكۆداره‌
17.12.2019

کوردیش وه‌ک هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ و له‌ مێژه‌وه‌ خاوه‌ن ئاڵای خۆی بووه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ناسنامه‌ی خۆی نیشانی ده‌ره‌وه‌ داوه‌، بۆیه‌ ئاڵا گرنگی و تایبه‌ت مه‌ندی خۆیی هه‌یه‌ .
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم شێوەیە پێناسەی بۆ ئاڵا کردووە، " ئاڵا واتە هێما و ناسنامە و نەتەوە و دەوڵەت و هەرێم و حزب و گروپەکان.
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئاڵا یەکێک لە خاڵە جیاکارەکانی هەر دەوڵەتێکی سەردەم لەدەوڵەتێکی دی .
مێژووی ئاڵا لەناو کورد زۆرێک لەسەرچاوە مێژووی و ئەکادیمیەکان باس لەوە دەکەن، هۆزی لولوییەکان لەنیوەی دووەمی هەزارەی سێیەمی پێش زایین بەکاریان هێناوە.
ئه‌گه‌رچی به‌ پێی قۆناغه‌ جیاجیاکان گه‌لی کورد خاوه‌نی ژماره‌یه‌ک ئاڵا بووه‌ ، به‌ڵام دیارترین ئه‌و ئاڵایانه‌ی به‌ کار هێنراون بریتییه‌ له‌م ئاڵایانه‌:
1- ئاڵای ماد مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 700ساڵ پێش زانی، که‌ له‌ سێ ڕه‌نگ پێکهاتوووه‌ ( زه‌رد و سور و سه‌وز).
2- ئاڵای حکومه‌ته‌که‌ی مه‌لیک مه‌حمود له‌ ساڵی 1922 بۆ 1924 که‌ له‌ (ڕه‌نگی سه‌وز و ناوه‌ڕاسته‌که‌ی به‌ بازه‌نه‌یه‌کی سور نه‌خشێنراوه‌ و له‌ نێو ڕه‌نگی سوره‌که‌دا هێمای مانگێکی تێدابووه‌).
3- ئاڵای ئارارات له‌ ساڵی 1927 بۆ ساڵی 1930 له‌ (ڕه‌نگی سه‌وز و سپی و سور پێکهاتووه‌ له‌ نێو ڕه‌نگه‌ سپێکه‌دا ڕه‌نگێکی زه‌ردی بازنه‌ی تێدا نه‌خشێنرابوو له‌ نێو ڕه‌نگه‌ زه‌رده‌که‌دا وێنه‌ی چیایه‌كی تێدا بووه‌).
4-ئاڵای کۆماری کوردستان له‌ 22ی کانونی دووه‌می 1946 له‌ سه‌رده‌ستی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د به‌ ئاماده‌بونی کوردانی پارچه‌کانی تری کوردستان له‌ مه‌یدانی چوارچرا له‌ شاری مهابات هه‌ڵکرا و ئاڵای کۆماری کوردستان لەرۆژی 17ى کانونى یه‌که‌می 1946داگیرا بەمەبەستی پاراستنی ئاڵاکە لەدوژمنان.
5-ئاڵای هه‌رێمی کوردستان، په‌رله‌مانى کوردستان بۆ یه‌که‌م جار له‌ 11/11/1999 بڕیاری ژماره‌ 14ى ده‌رکرد له‌ باره‌ی ‌یاساى ئاڵاى هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌10 ماده‌ پیکهاتووه.
پاشان له‌ 19/6/2009 په‌رله‌مانى کوردستان بریارى ژماره‌ 48ى ده‌رکرد، به‌پێى ئه‌م بریاره‌: رۆژی 17-12ی هه‌موو ساڵێک به‌ رۆژی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان ده‌ستیشانکرد، له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕۆژه‌ پیرۆزه‌دا ڕۆژی دایکیشه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان.
نووسەر و ڕەخنەگری ئوسکتلەندی جیمیس کارلیل دەڵێ" سەربەرزییە بۆ مرۆڤ لە پێناو ئاڵاکەیدا بژی، بەڵام سەربەرزانە ترە لە پێناو ئەو ئاڵایەدا بمرێ"
گه‌لی کورد له‌ پێناو خاک و ئاڵای پیرۆزی کوردستان قوربانی گه‌وره‌ی داوه‌ و له‌ رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌کدارانی داعش هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان زیاتر له‌ سێ ساڵ به‌رگریان له‌ خاک و ئاڵا و جه‌ماوه‌ری کوردستان کرد و له‌و مه‌یدانه‌شدا نزیکه‌ی 2000هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان شه‌هید بوون.
کەواتە رۆژی ئاڵا پێویستە بکەینە دەرفەتی دژایەتی راستەقینەی نه‌خوێنده‌واری و هه‌ڵکردنی چرای زانست له‌ پێناو پێشکه‌وتنی کوردستان و گه‌یاندنی ئاڵای کوردستان به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان وه‌ک ده‌وڵه‌تی 194له‌و ڕێکخراوه‌ جیهانیه‌دا.
بۆیه‌ گرنگه‌ پارێزگاری له‌ ئاڵای پیرۆزی کوردستان بکه‌ین و به‌ جوانترین شێوه‌ له‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگا فه‌رمییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵبکرێت.

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە