سوکایه‌تى و بێڕێزى له‌پاى چی؟
10.01.2024

د.عه‌دنان ئه‌حمه‌د

بڵاوبوونه‌وه‌ گرته‌یه‌کى ڤیدیۆیى دوو مۆدێلیست له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو تۆڕه‌که‌مه‌ڵایه‌تیه‌کانى ته‌نى و کارى گه‌یانده‌ ئاساتێک دیارترین که‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنى میوانداریان بکات به‌بێ خستنه‌ ڕووى ڕێگه‌چاره‌ و کۆتایى هێنان به‌ بابه‌ته‌که‌یان، بگره‌ بابه‌ته‌که‌یان هێنده‌ى تر وروژێنرا، ئه‌گه‌رچى فۆرمى ده‌رکه‌وتنى ئه‌م خاتوونه‌ ئه‌وه‌نده‌ نوێ و تابوو شکێن نییه‌، چونکه‌ بازاڕى ڕاگه‌یاندنى کوردى له‌ سایه‌ى نه‌زانین له‌ شێوازى به‌کار هێنانى هۆیه‌کانى ڕاگه‌یاندن و شوێنکه‌وتنى مۆدى غه‌ربى چ له‌نێو تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى و راگه‌یاندن یاخود له‌ نێوو بۆنه‌ و موناسه‌باته‌کاندا که‌م نین ئه‌و که‌سانه‌ى به‌و شێوه‌ خۆیان پیشان ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ى جێگه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌ى ئه‌مان تا ئه‌و ڕاده‌ گه‌وره‌ کرا؟ ئه‌گه‌ر تاکو ئێره‌ هاوڕبیت سه‌رنجت بۆ لایه‌نێکى شاره‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ ڕاده‌کێشم ئامارێکى ترسناکت پێ ده‌ڵێم که‌ ناکرێت تاکى کوردى تا ئه‌و ڕاده‌ بێ ئاگایانه‌ و دوور له‌ هه‌ر مۆڕاڵێکى باوى  کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى بێ بیرکردنه‌وه‌ بچێته‌ ئه‌و ئاسته‌.
 پاش ئه‌وه‌ى گرته‌یه‌کى یه‌ک ده‌قیقه‌ و بیست چرکه‌ى به‌رنامه‌که‌ له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى  بڵاو کرایه‌وه‌ له‌ کۆی455 تێچن نزیکى سه‌دیان له‌ ژێر ناوى ئێرانى و ڕۆژه‌هه‌ڵاتى شعورى هاو نیشتمانیانمان بریندار ده‌کات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و هه‌موو سوکایه‌تیانه‌ى به‌و خاتوونه‌ کراوه‌.
ئایا له‌ کوێى دابونه‌ریتى کوردا هه‌بووه‌ ناموس و که‌رامه‌ت و ژیانى خه‌ڵک دوور له‌ ویستى خۆیان و به‌ زۆره‌ملێ بکرێت به‌ ئامرازى به‌ده‌ست هێنانى مادى و پێش خستنى پرۆژه‌ى میدیایی؟! لێره‌دا ده‌کرێت بڵێن پۆرن ستاره‌کان شه‌رفیان زۆر زیاتر له‌و که‌سانه‌ى بێباکانه‌ یارى به‌ ژیان و شه‌خسیه‌تى که‌سانى دیکه‌وه‌ ده‌که‌ن لانى که‌م ئه‌و بوێرى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ کار به‌ جه‌سته‌ى خۆى ده‌کات نه‌ک ئه‌وانى دی، له‌ ڕاستیدا جێگه‌ى تێرامان بوو تا ئاستى خه‌فه‌بوون چۆن ڕێگه‌یان ده‌دا به‌و فۆتۆ گرافه‌ره‌ به‌و ڕووه‌ قایمه‌وه‌ باس له‌ قه‌راردادێکى چه‌ند سه‌د دۆلارى بکات له‌پاى له‌ناو چوونى شه‌خسیه‌ت و دروستبوونى مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى که‌سێک؟! من نازانم داواکارى گشتى له‌کوێیه‌؟ ئه‌ى پارێزه‌ران و مرۆڤ دۆستان له‌کوێن؟ تاکو ده‌ستى ئه‌مجۆره‌ مشه‌خۆرانه‌ واڵابێت دڵنیابن له‌وه‌ خراپتریش ده‌بینرێت، ئه‌ى ڕێکخراوه‌کانى مافى  ئافره‌تان به‌دیار چییه‌وه‌ وه‌ستاون، خۆ نایانه‌وێت ئه‌میش تیرۆر بکرێت و دواتر شعوریان بجوڵێت و ده‌ستبکه‌ن به‌ کۆێ‌ و شعر نوسین بۆی!... لایه‌نێکى دیکه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ که‌ گومانم وایه‌ (نه‌ک یه‌قین) ئه‌م گه‌وره‌ کردنه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ به‌ئامانج و به‌رنامه‌ کرابێت و به‌رنامه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ دووبه‌ره‌کى له‌نێوان خه‌ڵکى باشوورى کوردستان و ڕۆژهه‌ڵات دروست بکرێت چونکه‌ زۆر ڕوون و ئاشکرایه‌ به‌شێکى خه‌ڵک بێ ئاگایانه‌ تێکه‌وتوون و به‌ڕاست و چه‌پدا جوێن و قسه‌ى ناپه‌سه‌ند به‌ به‌شێک له‌ خاک و خه‌ڵکى خۆى ده‌ڵێت، له‌کاتێکدا ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام له‌ ساته‌ سه‌خت و ناهه‌مواره‌کاندا له‌پاڵ گه‌لى باشوور بووه‌ و له‌ ته‌نگانه‌دا به‌ده‌میه‌وه‌ هاتووه‌ هیچ جیاکارییه‌کیان نه‌کردووه‌، هه‌روه‌ها له‌باشووریشه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتیان ڕوانیوه‌ و هاوسۆزى خۆیان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى نیشتمان(کوردستان ئێران) ده‌ربڕیووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ڕاگه‌یندن و تێڕوانینى خه‌ڵکى ورد بینه‌وه‌ ده‌بینى تاک به‌تاکى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى دڵته‌نگ و تازێ بار بووه‌ بۆ له‌ده‌ستدانى ژینا ئه‌مینى و به‌رده‌وام هاوخه‌م و هاوسۆزى خۆیان ده‌ربڕیوه‌ بۆ کاسبکارانى ڕێگه‌ى مه‌رگ،  خۆ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووى کۆنتر هیچ شۆڕشێکى کوردى چ له‌ ڕۆژهه‌ڵات یا باشور نابینى که‌ که‌سانێکى دیارى پارچه‌که‌ى ترى تێدا چالاک نه‌بووبێت، وه‌ به‌گیان و دڵ به‌شداریان له‌ شۆڕش و به‌رگرى ئه‌و پارچه‌ى تر کردووه‌... به‌ڵام جێگه‌ى داخه‌ ئێسته‌ به‌هۆى گرته‌یه‌که‌وه‌ خه‌ریکن کار ده‌گه‌یه‌نن به‌ ئاستێک که‌ دابڕان و مه‌رزى کۆمه‌ڵایه‌تى هاوپێچى مه‌رزه‌ سیاسیه‌کان بکه‌ن.
جێگه‌ى خۆیه‌تى لێره‌وه‌ ڕاگه‌یاندنکاران و پارێزه‌ران و داواکارى گشتى به‌ئه‌رکى خۆیان هه‌ستن و کۆتاى به‌م فه‌وزایه‌ى تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و به‌شێکى ڕاگه‌یاندنه‌کان بهێنن و ماف به‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ماف خوراو، هه‌روه‌ها ئێمه‌ى مسوڵمانیش بۆجارێک بێت قووه‌ى ئیمان پیشان به‌ین و له‌جیاتى روجم به‌عه‌باکه‌ى به‌رمان عه‌یب و کورتى بپۆشین چونکه‌ هه‌رمرۆڤێک قابیلى هه‌ڵه‌یه‌ به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ش تواناى پاراستن و ڕاستکردنه‌وه‌ و پشتگرتنى یه‌کترمان هه‌بێت و هه‌ڵه‌کانمان بکه‌ین به‌وانه‌.


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ