سودانی بڕیار دەدات و كاتی دابەشكردنی مووچە ڕاگەیەنرا

21.12.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، كە سبەینێ‌ 120 ملیارەكە ڕەوانەی بەغدا دەكەن و لە كۆتایی ئەم هەفتەیە دوای هاتنی پارەی مووچە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت، هاوكات سێ‌ شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە و بڕگەیەكی تەرخان دەكرێت بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ سبەینێ‌ دەخەنە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی.
سەرچاوەیەک لە ‎وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، رۆژی پێنج شەممە، 25ـی 12ـی 2025، یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەبێت و لە ماوەی سێ ڕۆژدا، مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکرێت.
بەپێی زانیارییەكان، كە لە زاری بەرپرسانی كورد لە بەغدا بڵاوكرداوەتەوە، لە کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق کە بڕیارە رۆژی سێ شەممە بەڕێوەبچێت، بڕگەی سێی کارنامەکە دیاریکراوە بۆ قسەکردن لەسەر شاییستە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.
چاوەڕوان دەکرێت خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا بێت، هەر بۆیە پێش كۆبوونەوەكە داهاتی نانەوتی هەرێم “120 ملیارەكە” دەخرێتە سەر هەژماری بانكی دارایی عێراق.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ئێستادا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدایە و چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لە هەردوو لایەنی شیعە و سوننە ئەنجامداوە سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، كە داوای لە سودانی كردووە پەلە بكات لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت.
لای خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی عیراق پابەندبوونی بە رێککەوتنەکان دووپاتکردەوە و وتی، جەخت لە پاراستنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.

بابەتی هاوشێوە