ئۆجه‌لان: نامه‌وێت هیچ دایكێكی دیكه‌ بۆ شه‌هیدبونی منداڵه‌كه‌ی شیوه‌ن بكات

21.12.2025
جەماوەر نیوز
عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌په‌یامێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌مه‌وێت ڕێگری له‌ شه‌هیدبونی ته‌نانه‌ت یه‌ك گه‌نجیش بكه‌م و نه‌هێڵم هیچ دایكێكی دیكه‌ بۆ شه‌هیدبونی منداڵه‌كه‌ی شیوه‌ن بكات و ده‌شڵێت، "له‌ قۆناغی ئێستادا، تێكۆشانی ئازادی هونه‌ری زیادكردنی مردن نییه‌، به‌ڵكو هونه‌ری ڕێكخستنی ژیانه‌".

كۆمه‌ڵه‌ی پشتیوانی و هاوكاریی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خزمه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ (ئانكا-ده‌ر)، چواره‌مین كۆنگره‌ی ئاسایی خۆی له‌ ئیستانبوڵ ئه‌نجامدا و له‌كۆنگره‌كه‌دا وتاری عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌لایه‌ن مه‌حمه‌د بوڵوت خوێندرایه‌وه‌ كه‌ باسی له‌وه‌كردوه‌، "وه‌فاداریی ئێمه‌ بۆ یادی شه‌هیدانی تێكۆشانمان، بونیادنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیمۆكراتیكه‌ له‌ نێو ئاشتیدا، من یادی هه‌مو ئه‌و شه‌هیدانه‌ كه‌ له‌ پێناو ئازادی، شكۆ و ژیانی یه‌كسانی گه‌لان گیانیان به‌خشیوه‌، به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، فیداكاریی ئه‌وان له‌ كاروانی ئازادیی ئه‌م گه‌له‌دا وه‌ك هۆشیاری، ئیراده‌ و ده‌ستكه‌وتێكی مێژویی ده‌ژی و ئه‌وان ویژدانی تێكۆشانی ئێمه‌ و ڕاستییه‌ مێژوییه‌كانن كه‌ له‌ یاده‌وه‌ری گه‌له‌كه‌ماندا شوێنه‌واری هه‌میشه‌ییان جێهێشتوه‌".

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان راشیگه‌یاندوه‌، "ده‌بێت به‌ ڕاشكاوی بڵێین كه‌ له‌ قۆناغی ئێستادا، تێكۆشانی ئازادی هونه‌ری زیادكردنی مردن نییه‌، به‌ڵكو هونه‌ری ڕێكخستنی ژیانه‌، یادكردنه‌وه‌ی شه‌هیدانی ئێمه‌، نه‌ك به‌ شه‌هیدانی نوێ، به‌ڵكو به‌ بونیادنانی ئه‌و ژیانه‌ دیموكراتیك، یه‌كسان و شكۆمه‌ندانه‌یه‌ مانا په‌یدا ده‌كات كه‌ ئه‌وان له‌ پێناویدا تێكۆشاون، هه‌ر شه‌هیدێك، چه‌نده‌ بۆ من ببێته‌ هه‌وێنی تێكۆشان، هێنده‌ش ئازارێكی قورسه‌ كه‌ له‌ ناخی دڵمدا هه‌ڵیده‌گرم، ده‌مه‌وێت ڕێگری له‌ شه‌هیدبونی ته‌نانه‌ت یه‌ك گه‌نجیش بكه‌م و نه‌هێڵم هیچ دایكێكی دیكه‌ بۆ كۆچی منداڵه‌كه‌ی شیوه‌ن بكات".

له‌و په‌یامه‌یدا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "وه‌فاداری ڕاسته‌قینه‌، كردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ بۆ له‌ده‌ستدانی كه‌سانی نوێ نییه‌ به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌، بریتییه‌ له‌و بوێرییه‌ی كه‌ زه‌مینه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ تێكۆشانێكی ئاشتییانه‌ بونیاد بنێین، ئه‌و میراته‌ی ئه‌وان بۆیان جێهێشتوین به‌رده‌وامبونی شه‌ڕ نییه‌، به‌ڵكو نیشاندانی ئیراده‌ی چاره‌سه‌ری دیموكراتیكه‌، ئه‌وان تێكۆشان چونكه‌ باوه‌ڕیان وابو پاشه‌ڕۆژێك كه‌ تێیدا گه‌لان پێكه‌وه‌ و به‌ ئازادی بژین، گونجاوه‌، ئه‌و ئه‌ركه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانمان، گه‌یاندنی ئه‌م ڕه‌نجه‌ مێژوییه‌یه‌ به‌ لوتكه‌ی ئاشتی و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای سه‌رده‌مێكی نوێیه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌بایی دیمۆكراتیك داڕژابێت، ڕێزگرتنی ڕاسته‌قینه‌، ڕێگریكردنه‌ له‌ شه‌هیدانی زیاتر".

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ده‌شڵێت، "وه‌فاداری به‌ شه‌هیدان، نیشاندانی ئه‌و بوێرییه‌یه‌ كه‌ له‌و شوێنه‌ی ئه‌وان جێیان هێشتوه‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیمۆكراتیكتر، ئازادتر و مرۆییتر بونیاد بنێین، به‌م هه‌ست و به‌رپرسیارێتییه‌وه‌، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ یادی هه‌مو پاكڕه‌وانانی تێكۆشان داده‌نێم و سڵاوی ڕێز و خۆشه‌ویستی بێپایانم بۆ بنه‌ماڵه‌كانیان ده‌نێرم".

له‌ كۆتایی كۆنگره‌كه‌دا، ئیلهامی كورت و هولیا ئیلبارس وه‌ك هاوسه‌رۆكانی نوێی ئانكا-ده‌ر هه‌ڵبژێردران و مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ كۆتاییهات.

بابەتی هاوشێوە