کەشناسی: خێرایی با بۆ سەروو 45 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاددەکات

05.02.2026
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە سێ رۆژی داهاتوو، شەپۆلێکی بارانبارین روو لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و خێرایی با لە سلێمانی بۆ سەروو 45 کم/ک زیاددەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پێشبینیدەکرێت رۆژانی حەوت، هەشت و نۆی شوباتی 2026، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی باران و بەفر، سەرەتای شەپۆلەکەش لە ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، کەرکوک و راپەڕین بە شێوازی بارانبارینی پچڕپچڕ دەستپێدەکات، پاشان کاریگەریی شەپۆلەکە درێژدەبێتەوە و سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆی شەو تا بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە لە ناوچەکانی دهۆک، بەردەڕەش، هەولێر، کۆیە و بەشێک لە سنووری راپەڕین، بۆ ماوەیەکی کورتخایەن، شێوازی بارانبارین دەگۆڕێت بۆ بارانی بەلێزمە، هەروەها لە کاتەکانی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، کاریگەریی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پلەی گەرمی لەو چەند رۆژدا 3 بۆ 5 پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە، رۆژی شەممە لە هەولێر خێرایی با بۆ سەروو 35 کم/ زیاددەکات و رۆژی دووشەممە، لە سلێمانی خێرایی بۆ سەروو 45 کم/ک زیاددەکات، هەروەها لە ماوەی ئەو شەپۆلەدا بەفر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی نزیک لە ناوچە سنووریی و ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.

بابەتی هاوشێوە