سووریا بەڵێنی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ دەدات

09.02.2026
جەماوەر نیوز
لە شاری حەلەب، بەرپرسانی حکومەتی سووریا بەڵێنیان بە شاندێکی ئاسایشی کۆبانێ داوە کە کۆتایی بە گەمارۆی سەر ناوچەکە بهێنن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن.
مستەفا شێخ موسلیم، ڕاوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان وردەکاریی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند؛ لایەنی حکومەت بەڵێنی داوە ڕێگاکان بکاتەوە و ئاسانکاری بکات بۆ گەیاندنی پێداویستییەکانی وەک کارەبا، ئاو، دەرمان، شیر و گازوایل بۆ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی کۆبانێ و گوندەوارەکانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ئێستادا دۆخی مرۆیی ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێکی سەخت؛ کارەبا و ئاوی خواردنەوە زۆر کەمە و ماوەی ساڵێکە هێڵەکانی ئینتەرنێتی سووریا بڕاون، بە جۆرێک خەڵک ناچارن پشت بە ئینتەرنێتی تورکیا یان کۆمپانیای ئارسێل ببەستن کە ئەوانیش هەمیشە بەردەست نین.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و سەربازی، ڕاوێژکارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕوونی کردەوە، هەرچەندە هێزەکانی حکومەتی سووریا لە ناوچە گوندەوارەکانی وەک (قەنایە و شێخلەر) جێگیر بوون، بەڵام دۆسیەی ئەمنیی ناو جەرگەی شاری کۆبانێ هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئاسایشدایە.
مستەفا شێخ موسلیم گومانی خۆشی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان نەشاردەوە و وتی: ئەمە یەکەم جار نییە حکومەت بەڵێنی لەم شێوەیە دەدات، بەڵام لە ڕابردوودا لە ڕووی کردەییەوە هیچ نەگۆڕاوە.
جەختی کردەوە، کە هەڵگرتنی گەمارۆ مافێکی مرۆییە و نابێت وەک کارتێکی فشاری سیاسیی کاتی مامەڵەی پێوە بکرێت.


بابەتی هاوشێوە