وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا: دوای سوریا، سه‌ره‌ی عێراقه‌

09.02.2026
جەماوەر نیوز
هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕایگه‌یاند، دوای سوریا، ده‌ستیان به‌تاڵ ده‌بێت بۆ بونی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ عێراق و داواشیكرد، حكومه‌تی عێراق بڕیاری ژیرانه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بده‌ن.

هاكان فیدان له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی CNNی توركی رایگه‌یاند، "رێڕه‌وێكی عێراق له‌دوای سوریاوه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، هیوادارین ئه‌وانیش به‌هۆش خۆیان بێنه‌وه‌".

وتیشی، "دوای ته‌واوبون و له‌ناوبردنی باڵی سوریای په‌كه‌كه‌، باڵی عێراقی په‌كه‌كه‌ش هه‌یه‌، هیوادارین حكومه‌تی عێراقیش سود له‌ له‌ ئه‌زمونی سوریا وه‌ربگرێت و بڕیارێكی ژیرانه‌تر بده‌ن".

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "عێراق خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێكی سه‌روه‌ریه‌ و ده‌بێت هه‌ژمونی به‌سه‌ر ته‌واوی خاكی خۆیدا هه‌بێت، به‌ڵام پێده‌چێت حكومه‌تی عێراق له‌ئێستادا حساباتی ناوخۆیی دیكه‌ی هه‌بێت".

هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا، سه‌باره‌ت به‌ ئێران، هاكان فیدان وتی، "له‌ ئێستادا هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ستبه‌جێی جه‌نگ بۆ سه‌ر ئێران له‌ئارادا نیه‌ و ڕژێمی ئێرانیش له‌ ڕێگه‌ی هێرشی ئاسمانییه‌وه‌ ناڕوخێت".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ مانگی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2025 فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، عێراق پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا ده‌كات و هیوادارین په‌كه‌كه‌ و توركیاش بگه‌نه‌ لێكتێگه‌یشتن و سه‌قامگیری به‌دی بهێنن.

وتیشی، بونی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ شه‌نگال و مه‌خمور و چیای قه‌ندیل جێگه‌ی قبوڵكردن نییه‌ بۆ هه‌ردو حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش".

بابەتی هاوشێوە