ئازارەکانی ئازار و نیسان لە جینۆسایدەوە بۆ سەرکەوتن
23.04.2021

جه‌ماوه‌رنیوز

عادل مەلا ساڵح

 

مێژووی ئەم میللەتە ھەر لە مێژەوە پڕ لە ھەوراز و نشیۆ و نوشست و ھەستانەوە بووە و خەڵکەکەشمان ھەر لە دێرزەمانەوە دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئازار و نەھامەتیە جۆراوجۆرەکاندا نەرمکردووە و گەڵێک جاریش بەرەنگاری بوەتەوە، بە نیگاو و تەماشایەکی مێژووییانەی مانگەکانی ئازار و نیسان ئەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم دوو مانگە پڕن لە کارەسات و ماڵوێرانی و نەھامەتی و مەرگەساتی مێژویی و شکست و ھەستانەوە بۆ ئەم گەلە ستەمدیدەیەمان. لە مێژووی دووردا و لە مانگی ئازاری ساڵی( ١١٩٣ )دا سەرکردەی کوردی موسڵمان (صلاح الدين الايوبي) کۆچی دوایی ئەکات و ھەر بە ڕێکەوت لەم مانگی ئازارەدا و لە پاش( ٨ )سەدە ھەر یەک لە سەرکردە و ناودارانی کورد ( ئیحسان نوری پاشا و بدیع الزمان نورسی و قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی) کۆچی دوایی ئەکەن. جێبەجێکردن و پیادەکردنی چڕی پلانی جینۆسایدی گەلەکەمان ھەر لە مانگی ئازاردا بە کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری و ناحیەی سێوسێنان دەستپێکرد، ھاوزەمان چڕترین و سەختترین قۆناغەکانی ئەنفال لە قەرەداغ و گەرمیان بەڕێوەبران و خەڵکی تێکۆشەری ئەم دوو دەڤەرە لە چوارچێوەی قۆناغی دووەم و سێیەمی ئەنفالدا ڕووبەڕووی مەرگ کرانەوە لە ئازاری (١٩٨٨ )دا. لە لایەکی تریشەوە ھەر لە ئازاری ھەمان ساڵدا خەڵکی بێ دیفاعی دوکان و شاناخسێ و جافەران و بەلەکجار و ولیان و..ھتد کیمیاباران کران. لە ساڵی (١٩٨٠)دا ھەڵمەتی جینۆسایدی فەیلییەکان بە دەرکردنی کوردە فەیلییەکان لە مانگی نیساندا دەستیپێکرد. لە مانگی نیسانی ساڵی (١٩٧٤)یشدا ڕژێمی بەعس ھەستا بە بۆردومانکردنی شارەکانی ھەڵەبجە و قەڵادزی و بۆردمانی زانکۆی سلێمانی لەو شارە و بە ھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو دوو شارە و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی شەھید و بریندار بوون. ھەر لە درێژەی پیادەکردنی ھەنگاوەکانی جینۆسایددا، ڕژێم لە مانگی نیسانی ساڵی (١٩٨٨)دا ھەستا بە کیمیابارانکردنی ھەڵەدن و بەرگەلۆ و کانی توو، ئاوەژێ، سیروان، نۆڵچکە ، چنارنە، گوندەکانی شێخ وەسانان و دۆڵی بالیسان و گوندەکانی قزلەر و سنگر و مێوڵاکە لە شارباژێر و گوندی زێوێ و ناوچەی قەرەداغ و...ھتد ھەر لە مانگی ئازاردا بوو گەلی کورد ئازاری جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی لە ناکاوی جەزائیری چەشت لە ساڵی (١٩٧٥) و قەڵاچۆی درێژترین شۆڕشی کوردی کرا، بەڵام ئەم ھەموو مەرگەسات و ئازارانەی ئازار و نیسان بوونە ژانی لە دایکبوونی ڕۆحی مقاوەمەت و بەرخۆدان و تێکۆشان و ڕزگاری و ئازادی، دەرکەوت کە گیانی بەرگری گەلەکەمان بە ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و زەبر و زەنگ و زیندان خەفە ناکرێ، نەک ناڕۆخێ، بەڵکو بگرە دەبێتە ھەوێنی گەشەپێدانی بیری ئازادیی و ڕزگاریی نیشتیمانیی، ببینە ئەم گەلە چۆن ئەم مانگی ئازارەی لە ئازارەوە گۆڕی بە مانگی سەرکەوتن، تەماشای مێژووی نزیکی مانگی ئازار بکە، دەبینی ڕاپەرینی ساڵی (١٩٩١) ھەر لە مانگی ئازاردا بووە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش و ڕزگارکردنی سەرجەم شار و شارۆچکەکان بە کەرکووکی شاری دێرینی کوردانیشەوە، ئیدی مانگی ئازار ھەر مانگی ئازار نییە بەڵکو مانگی ئاھەنگەکانی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و موژدەی ھاتنی بەھار و سەری ساڵی نوێی ئازادانەی ھەموو کوردێکی ئەم نیشتیمانەیە، ئیدی ئازار بوو بە مێژووی پڕ لە سەروەری و سەرکەوتنی ڕاپەڕین و لە دایکبوونی دامودەزگا یاسایی و شەرعییەکانی حوکمڕانی خۆماڵیمان. گرنگە لە پاش ئەو ھەموو ئازار و مەرگەسات و مەینەتیانەی مێژووی دوور و نزیکمان پەند و عیبرەت لە ھەڵە و نوشستەکانی مێژووی سیاسیمان وەربگرین و ئیدی نەبینە داردەستی وڵاتانی دوور و نزیک و بە یەک گوتاری و یەکخستنی ڕیزەکانمان کار بۆ ئامانجە بەرز و باڵاکانمان بکەین، ئەگینا مێژوو ھیچ باکی بە دووبارە بوونەوە نییە.


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو