له‌ دهۆك جادووگه‌رێك له‌ كاتی جادووكردن بۆ دوو ئافره‌ت ده‌ستگرده‌كرێت

28.01.2021
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی كانونی دووه‌می 2021 لە پارێزگای دهۆک جادووگەرێک لەکاتی جادوو کردن بۆ دوو ئافره‌ت دەستگیرکرا، پۆلیسی دهۆک دەڵێت، "بەشێوەی جیاجیا فێڵی لە هاووڵاتیان کردووە و جادووی کردووە بەتایبەتی بۆ ئافره‌تان". 
مقەدەم هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، تۆمەتبارەکە لە رەگەزی نێرە و ئەو کاتەی دەستگیرکراوە دوو ئافره‌ت لە ماڵەکەیدا بوون کە جادووی بۆ دەکردن. "تۆمەتبارەکە لە سەنتەری دهۆک نیشتەجێبووە و تەمەنی 42 ساڵانە". 
پۆلیسی بنکەی نەورۆز لە دهۆک تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە، هێمن سلێمان دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بووە. لەگەڵ دەستگیرکردنیشی، "ژمارەیەکی زۆر کەلوپەل دەستی بەسەردا گیراوە کە بۆ جادووکردن بەکاری هێناون". 
کەلوپەلەکان بە گوتەی هێمن سلێمان، بریتیبوونە لە: "قوفڵ، عەبا، نووشتە و چەند شتێکی دیکە بوون کە بۆ تاوانی جادووکردن بەکاری هێنابوون". 
تۆمەتبارەکە بە پۆلیسی گوتووە، "روقیە شەرعی" بە ئەو کەلوپەلانەوە دەکات، بەڵام پۆلیس دەڵێت، دوای ئەوەی پرسیان بە چەند مامۆستایەکی ئایینی کردووە، پشتڕاستیان کردووەتەوە ئەو کەلوپەلانە بۆ کاری "جادوو و سیحر" بەکاردەهێنرێت". هاوکات "تۆمەتبارەکەش نەیزانیوە دوو دێڕ قورئان بخوێنێت".
کەلوپەلەکانی ئەو کەسە بەشێکیان لە ماڵەکەیدا دەستیان بەسەردا گیراوە، بەشێکی دیکەیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە. کەیسی ئەو "جادووگەرەش" رەوانەی دادگەی لێکۆڵینەوەی دهۆک کراوە. 
پێشتریش بە گوتەی پۆلیسی دهۆک، چەندین کەسی دیکە بە هەمان تۆمەت دەستگیرکراون، "ئەو کەسانەی فێڵیان لێکراوە، زۆربەیان ئافره‌تن". 
ئەو کەسە بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە کە تایبەتە بە فێڵکردن، پۆلیسی دهۆک دەڵێت، دادگە بڕیار لەبارەی جۆری سزادانەکەی دەدات. پۆلیس داوا لە ئافرەتانیش دەکات، هۆشیار بن و "ئەو کەسانە بە ناوی جۆراوجۆرەوە فێڵیان لێنەکەن".

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ