
ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
له ڕاگهیهنراوێكدا وهزارهتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومهتی ههرێم بڵاویكردهوه کەناڵی (atv) تورکی زنجیرە درامای (گورگی تەنیا) پەخش دەکرێ ، سوكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكومەتی هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ جوگرافیایەك بەناوی كوردستانەوە نییە.
دهقی ڕاگهیهنراوی وهزارهتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومهتی ههرێم:
یاداشتی ناڕەزایی
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە کەناڵی (atv) تورکی زنجیرە درامای (گورگی تەنیا) پەخش دەکرێ. ئەم درامایە بەرهەمی كۆمپانیاكانی (توركواز میدیا)ی نزیك لە حكومەتی توركیایە، (عوسمان سناڤ) بەرهەمهێن و (جاغاتای تۆسۆن) دەرهێنەری دراماكەیە، (عەلی ئالپەر و موراد كوچا) سیناریۆكەیان نووسیوە.
(گورگی تەنیا) باس لە مێژووی توركیا و شەڕی نێوان توركیا و PKK دەكات، هەروەها باسی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەمریكا دەكات. لە چەندین ئەڵقەیدا بە نەفەسێکی دوژمنکارانە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو کارتەکان تێکەڵ دەکات تا ڕادەی تێکەڵکردن لەگەڵ داعشی تیرۆریستدا. بۆ نموونە لە ئەڵقەی (١٩) کە ڕۆژی ٣/٦/٢٠٢٢ پەخشکراوە، لە دیمەنێكدا كە باسی دادگاییكردنی توركێكە لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان، لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی سەرۆك مەسعود بارزانی دانراوە، سوكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكومەتی هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ جوگرافیایەك بەناوی كوردستانەوە نییە و موسڵ و كەركووك دوو شاری توركمانین و گەورەترین شەقامی هەولێریش ناوی (موزەفەرەدین گۆكبۆرو)ە، وەک ئاماژەیەک کە هەولێریش شارێکی توركمانییە.
هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراقدا، خاکی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەدان هاووڵاتی و کۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردستاندا بە کورد و تورکمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاکان.
بەلای ئێمەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم درامایە سووکایەتییە بە هەموو ئەو ڕاستییانە و زیانیان پێدەگەیەنێت، دوورە لە بەهای هونەریی كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوزییەكانی پێیە، نەك ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر.
لە کاتێکدا ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە کە پێویستە هەمووان ڕێز لە جیاوازییەكان بگرین و وەک دوو دراوسێ، برایانە پێکەوە بژین ، هاوکات ئومێدەوارین حكومەتی توركیاش رێگە لەو هەڵمەتی چەواشەکارییە بگرێ کە لەلایەن هەندێک خەڵکی قین لە دڵ و نەژادپەرستەوە دەدرێت بۆ ئالۆزکردنی پەیوەندی نێوان گەلان.
ئێمە دەزانین ئەو درامایە و دراما هاوشێوەكانی كە پێشتریش بەرهەمهاتوون بۆ ڕازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن و جگە لە زیانگەیاندن بە بەهاکانی هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەما مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیی نێوان گەلان، هیچی تریان لێ بەرهەم نایەت.
لێرەوە ناڕەزایەتی خۆمان دەگەیەنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (atv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سوكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە کەم سەیرکردنی بەرامبەرەكانیان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
٨/٦/٢٠٢٢
سەردانەکەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دواخرا
لە ئەمریکا سەرۆكی دەستەی دەسپاكی بەشداری لە دیدارێكی نێودەوڵەتی دەكات
سێ بازرگان دهستگیر دهكرێن
عهبدوڵڵا حاجی مهحمود لەگەڵ بەرێوەبەرایەتى گشتى خزمەتگوزارى کەسوکارى شەهیدان کۆدەبێتەوە
بڕیار لهبهرژهوهندی جوتیارانی ههرێم دهدرێت
مژدهیهكی خۆش بۆ چوتیارانی ههرێم ڕاگهیهنرا



ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
