وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دوو بڕیار ده‌رده‌كات

27.09.2022
جەماوەر نیوز
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتی، دوو بڕیاری نوێمان لەبارەی دانانی ڤاکسین دەرکردووە، لەوانە ئەوانەی تەمەنیان 5 تا 12 ساڵییە دەتوانن ڤاکسین دانێن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیمان ڕاسپاردووە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: ''لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی کۆرۆنا دوو بڕیاری تازەمان دەرکردووە، لەوانە پێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ منداڵانی 5 ساڵ تا 12 ساڵیش دەگرێتەوە و دەتوانن ڤاکسین وەربگرن''.
وەزیری تەندروستی وتیشی: ''ئەو کەسانەی پێشتر ڤاکسینیان وەرگرتووە، دەتوانن ژەمی چوارەمی ڤاکسین وەربگرن، جۆری ڤایزەر بە شێوەی خۆویستانە بۆ تەمەنەکانی دیکە بەو مەرجەی دوای شەش مانگ بەسەر دواهەمین ژەمی ڤاکسینی دژەکۆرۆنادا تێپەڕ بووبێت.''