روسیا دەستدەكات بە هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ ئەوروپا

26.12.2022
جەماوەر نیوز
ئەلێكساندر نۆڤاك، جێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا رایگەیاند وڵاتەكەی ئامادەیە لەڕێگای هێڵی بۆری یامال-ئەوروپا دەست بە هەناردەكردنی غازی سروشتی بكاتەوە بەئامانجی روبەڕوبونەوەی كەمی دابینكردنی غاز لە كیشوەری ئەوروپا.
ئاژانسەكانی روسیا لەزاری نۆڤاكەوە بڵاویانكردۆتەوە، هێشتا بازاڕی یەكێتی ئەوروپا لە بەردەم غازی سروشتی روسیادا كراوەیەو دانەخراوە بۆ نمونە توانیویانە لەمساڵدا هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ ئەوروپا زیاد بكەن.
راشیگەیاندوە، هێشتا كەمیی غاز لە ئەوروپادا هەیە، بۆیە روسیا ئامادەیە لەو رێگەیەوە دەست بە هەناردەكردنی غازی سروشتی بكاتەوە.
جێی ئاماژەیە لەسەرەتای ئەم مانگەدا كۆمپانیای جازكید كە ئەركی بەگەڕخستنی هێڵی بۆریی غازی یامال-ئەوروپایە رایگەیاندبو، هەناردەكردنی غازی روسیا راگیراوە، لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی روسیاو ئۆكرانیا هەناردەكردنی غازی سروشتی لە روسیاوە بۆ كیشوەری ئەوروپا كەمبۆوە ئەمەش وایكرد كە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەرەوڕوی كەمی غازی سروشتی ببنەوە.