گۆڕانكارییه‌كانی ڕه‌شنوسی بودجه‌ی عێراق په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێم بزانه‌

26.05.2023
جەماوەر نیوز
لە کۆبوونەوەی شەوی پێنجشەممەیدا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراقی بە کۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە و بە پابەندکردنێکی زۆری هەرێمی کوردستانەوە پەسندکرد، دیارترینی ئەو گۆڕانکارییانەشی کراون بریتییە لەوەی وەزارەتی دارایی سەرپەرشتیی هەژماری بانکیی تایبەت بە داهاتەکانی نەوتی کوردستان بکات و دوای رەزامەندیی وەزارەتی دارایی ئینجا هەرێمی کوردستان دەتوانێت پارەی لێ خەرجبکات.
پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکانی و هەڕەشەی بەرکارکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە نەوتی کوردستان لەکاتی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دوو گۆڕانکاریی دیکەن. 
هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، رەشنووسەکە حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە دانەوەی رێژەی لانی کەمی 10٪ـی لێبڕینی مانگانەی مووچە پابەندکردووە، هەروەها ئەگەر پارێزگایەک ناڕازی بوو، راستەوخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت، جگە لە هاوبەشیکردنی حکومەتی ناوەندی بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە راگرتنی دەرهێنانی نەوت لە بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
بەپێی بەڵگەنامەی پەسندکراوی نێو کۆبوونەوەکەی شەوی پێنجشەممەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بەو دوو مادەیەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، گۆڕانکاریی گەورە و زۆر لە ئەو دوو ماددەیەدا کراون، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە ئەندامانی کوردستان لە لیژنەکە ناڕازی بن و دەنگی پێنەدەن و بچنەدەرەوە لە کۆبوونەوەکە:
ئەمەی خوارەوە دەقی تەواوی هەردوو مادەکەیە کە لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و دواین دوو مادە بوون لە نزیکەی 80 مادەی رەشنووسەکە پەسەندکران و بڕیارە لە ماوەی کەمی داهاتوو رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێن بۆ پەسەندکردنیان:
ماددەی 13:
یەکەم: شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی نێوان 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی دەکرێتەوە، لەدوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی ناوەندیی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بەو ماف و ئەرکانەی لە یاساکانی بودجەی فیدراڵیی تایبەت بە هەر ساڵێکی داراییدا هاتووە.
دووەم: 
ا: حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی بە تێكڕای لانی کەم 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی یان ئەو پاڵاوگانەی وەزارەتی نەوت گرێبەستی لەگەڵ کردوون، بەو پێیە داهاتە کۆتاییەکان بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدراڵی و ناردنی مانگانەی داتاکان و بڕەکانی نەوتی هەناردەکراو یان بەکارهێنراو لەنێوخۆ لەلایەن کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و نرخەکانی نەوتی خاو بۆ فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەمەبەستی جێگیرکردنی لە تۆمارەکان و دوای وردبینیکردنی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری لە هەرێمی کوردستان.
ب: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی بە گەنجینەی دەوڵەت و بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی، دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستان هەڵبسێت بە وردبینکردن لەو داتایانەی پەیوەستە بەو داهاتانەوە.
ج: وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند دەبێت بە پێدانی شایستە داراییەکانی مانگانەی هەرێمی کوردستان بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە بەپێی خشتەی هاوپێچ، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕگەکانی ئەلف و بێ جێبەجێ دەکات، دواتریش هاوئاهەنگی بکرێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەڵسانی وەزارەتی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە ناردنی بودجەی خەرجکراوی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری بۆ دانانی لە چوارچێوەی کۆی هەژمارەکانی مانگانە دەوڵەت، بەو پێیەی یەکلاییکردنەوەی ژمێرەیی تایبەت بە ماف و ئەرکە نەوتی و نانەوتییەکانی هەردوولا بکرێت، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی فیدراڵی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنچینەی وەرزی و بەو پێیەی کە گەرەنتی ئاسانیی پێدان و یەکلاییکردنەوەی ئەو شایستانە بکات.
د: ئەو پارەیەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارەکانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)لەلای بانکە حکومی و تایبەتەکان یەکلایی دەکرێنەوە و وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بە بەقیستکردنی مانگانەیان کە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و لە ساڵی دارایی 2023 دەستپێدەکات و بۆ پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت.

ماددەی 14:
یەکەم: وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەڵدەستێت بە دانانی داهاتەکانی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی لەلای بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە، سەرجەم ئەو داهاتانەی لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانییەوە بەدەست دێت بەبێ لێبڕین بۆ هەر مەبەستێک بێت دادەنرێت، تاوەکو ئەو کاتەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دەسەڵاتی خەرجکردنیان دەداتە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان ئەو کەسەی کە لە شوێنی ئەو دەبێت، دەبێت ئەو هەژمارەش لەلایەن لیژنەی پسپۆڕان لە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و حکومەتی عێراق وردبینی بکرێت و سەرجەم هەژمارەکانی دیکەی هاوشێوەی دادەخرێن.
دووەم: دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە هەرێمی کوردستان هەڵدەستن بە وردبینیکردن و چاودێریکردنی ئەو هەژمارەی لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە و ئەگەر ئەوە نەکرا، ئەوا لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند گرێبەست دەکرێت کە بەدەربێت لە رێنمای و رێوشوێنەکانی گرێبەستکردن و مافی دەبێت سەرجەم وردەکارییەکانی گرێبەستکردنەکان و بارکردن و ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە هەبێت، لەگەڵ شایستەکانی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بۆ هەموو دەرهێنان و گواستنەوە هەناردەکردن، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان خشتەی بودجەی خەرجکراوی مانگانە بدات بە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بۆ ئەوەی وردبینی تێدا بکات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارای لە هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی / فەرمانگەی ژمێریاریی بەمەبەستی پشتپێبەستنی لە چوارچێوەی ژمێرەکانی دەوڵەت.
سێیەم: وردبینی ئەو هەژمارە بانکییەی لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە بە سەرجەم هاتوو و دەرچووەکانی لەلایەن ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەوە دەکرێت کە لە بڕگەی دووەم ئاماژەی بۆ کراوە و راپۆرتی خوولی تایبەت بەو بابەتە دەدرێت بە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان.
چوارەم: وردبینی داتاکانی دارایی ساڵانە، نیوەساڵی، چارەکەساڵی، مانگانە دەکرێت و بەواژۆی وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و چاودێری ژمێرەی سەربەخۆ "کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکە" و کۆپییەکی پشتپێبەستراوی دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
پێنجەم: لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێکدەهێنرێت ئەرکی پێداچوونەوەیەکی گشتگیرە بۆ ماوەکانی رابردوو لە هەرچییەک کە پەیوەندیی بە کەرتی نەوت و گازەوە لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەنێوان نەوتی فیدراڵی و هەرێم پێکدەهێنرێت و دەرچوون بە تێڕوانینێک لەگەڵ دەستووردا بگونجێت بەمەبەستی یەکلاییکردنەوە بۆ قۆناخی رابردوو.
شەشەم: ئەوەی لە حوکمەکانی بڕگەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەمی ئەم ماددەیەدا هاتووە لە رۆژی دەرچوونی ئەم یاسایە و تاوەکو پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز جێبەجێدەکرێت.
حەوتەم: هەرێمی کوردستان پابەنددەکرێت بە پێدانی لیستی ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی "مەدەنی و سەربازی" بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەدوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی فیدراڵییەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک بەپێی پلە و ناونیشانی کار بەپێی ژمارە بۆ دیاریکراوەکانی و بەپێی خشتەی هێزی کاری هاوپێچی ئەم یاسایە دەدات بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە ماوەیەکدا 30-9-2023 تێنەپەڕێنێت.
هەشتەم: لە دۆخێکدا ئەگەر ناکۆکیی لە تێڕوانینەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت لەبارەی ماف و ئەرکەکان یان پابەندنەبوون بەوەی لە ماددەی 13 بڕگەکانی "یەکەم و دووەم" و ماددەی 14 بڕگەکانی "یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم." هاتووە ماوەی 15 رۆژ دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە، دوای ئەوە رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نانێردرێت و کار بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی بەرکار دەکرێت.
نۆیەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی لەپێشترێتی بە خەرجکردنی شایستەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجکردنی شایستەکانی دارایی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە پشتپێبەستراوەکان لەم یاسایە و دادپەروەری و بێ جیاکاری، بەپێچەوانەوە حکومەتی فیدراڵی هەڵدەستێت بە بڕینی پشکی پارێزگای ناڕازی بەپێی ئەم یاسایە دەبڕدرێت و راستەخۆ رادەستی پارێزگا ناڕازییەکە دەکرێت.
دەیەم: حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبن بە راگرتنی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا کە ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێنرێت. 
یانزەیەم: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەبێت بە بەشداریکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان.
دوانزەیەم: پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی خۆی بڕەپارەیەک کە لە رێژەی 10٪ کەمتر نەبێت، مانگانە بخاتە سەر مووچەی هەر فەرمانبەرێک، جگە لە تەواوی مووچەکەی بۆ قەرەبووکردنەوەی پاشکەوتی ناچاری کە لە ساڵانی رابردوودا بڕدراوە، بەردەوامیش دەبێت لەسەر دانەوەی ئەو رێژەیە تاوەکو تەواوی لێبڕینە داواکراوەکان دەدرێتەوە.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ