د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: ماڵی لێكترازاوی كورد، ڕێكخه‌نه‌وه‌، له‌ ئه‌سكه‌نده‌ره‌وه‌ تا هۆلاكۆ

13.07.2025
جەماوەر نیوز
د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی له‌په‌یامێكدا داوای یه‌كگرتویی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت،،بەبێ؛ کوردستان، بەبێ؛ خاک و خەڵک، باڵندەیەکی بێهێلانەو هاووڵاتییەکی بێ وڵات و، ناوێکی بێ ناسنامەین.
هەموو ڕێگاکانتان تەیکرد، هەموو کوێرەڕێ و لاڕێ و شوێنپێ و تون و دەروازەکانی نەگەڕانەوەتان؛ تاقیکردەوە، دوژمنایەتیی دەنیی و نادان و خودان و سەردارو تاجدارو شاخدارتان کرد، دۆستایەتیی بەدو باش و چەوت و چاک و ڕێک و لارو ڕاست و خوارو هەموویتان کرد، ئەزمون و عیبرەتتان لە سەرکەوتن نەکرد، ئیتر کاتی ئەوەیە ئەزمون و عیبرەت؛ لە کەوتن بکەن.
ماڵی لێکترازاوی کورد، ڕێکخەنەوە، لە ئەسکەندەرەوە تا هۆلاکۆ، تا ئەمڕۆ، هەرکات بەرەی کورد یەکبوبێت؛ سەرکەوتووە، ئەوکاتەشی کە لەتدەبن، پارچەکەتان چەند گەورەبێت؛ هەردەکەون.
لەگەڵ خۆتان، لەگەڵ خەڵک، لەگەڵ یەکتر ئاشتببنەوە، کاسەی بەتاڵانبراوی بەتاڵکراوی بەستەمخوراوی خەڵک؛ پڕکەنەوە، ئارامیی بۆ دەروون و ئاسایش بۆ کۆمەڵ و ئاشتیی بۆ گشت؛ بگێڕنەوە.
کاتێک وردە هێزەکان کۆدەبنەوە؛ دەبن بە هێزێکی نەبەز، ئەو کاتەشی دژی یەکتر دەوەستنەوە؛ دەبن بە هێزێکی بەزیو، هاووڵاتیبوون و دادگەریی و دەوڵەتداریی و حوکمی ڕەشید؛ بچەسپێنن، دەسەڵاتداریی و بنەماڵەگەریی و ماڵ و باڵ و مناڵگەریی و دەستەبەندیی و خۆپەرستیی و خۆسەپێنیی و خۆپەسەندیی و ناوچەگەریی و خێڵسەروەریی و خۆخۆیەتیی و پاوانخوازیی؛ بسڕنەوە.
بیرو باوەڕو گوفتارو کردارتان یەکخەن، خۆتان ڕێکخەن، جارێکی تر مەبنەوە بە کلکی تەورو قەدی یەکتر مەبڕنەوە، مەبنە خەنجەری بەجێماوی گازی پشت و پشتی خۆتان مەشکێننەوە.
بۆ دژبەریی؛ یەکمەکەون، ڕەدوی دوژمنان مەکەون، یەککەون؛ با سەرکەون.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ