
ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
پارتی و یەکێتی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەدوای کۆبوونەوەیان، دەڵێن، "هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پیرمام کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، بە شێکی دیکەی کۆبوونەوە "تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین."
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە جێگری سەرۆکی پارتیشن، ئامادە بوون.
لە لایەنی یەکێتییش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەیە، ئامادە بوو.
دەقی راگەیێندراوە هاوبەشەکە:
راگەیندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەمڕۆ 14ـی تەمموزی 2025 بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا، سەبارەت بە رووداو و پێشهاتەکان و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەتی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە و لێکدانەوەی هەموو ڕەهەندەکان لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پیویستن لە چوارچێوەی دەستووردا بە ئاراستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردوولا بهاوێژرین.
بەشێكی دیکەی کۆبوونەوە تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین.
لێرەدا کۆبوونەوە جەختی لەسەر بەخشستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوە کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیە.
ئهتوانى لهرێگاى ئیمهیڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه پهیوهندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052