سیروان بارزانی: دەبێت سەپاندنی باج لەسەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە

24.12.2025
جەماوەر نیوز
خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک دەڵێت دەبێت سەپاندنی باج لەسەر کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و سەبارەت بە بەردەوامبوونی کێشەی ڕاگرتنی پەیوەندی نێوان کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکەش ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کێشەیەی سیاسییە و دەبێت چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەربارەی بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ سەپاندنی باج لەسەر کارتەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل ڕایگەیاند، دەبێت بڕیارەکە ئەو کۆمپانیایانەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە کە مۆڵەتیان لە حکومەتی عێراق وەرگرتووە.
بە پێی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی 16ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، جارێکی دیکە باج بەڕێژەی 20٪ دەخرێتەوە سەر کار کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت کە بە ناوی کرێی خزمەتگوزارییەوە وەردەگیرێت.
سەبارەت بە کێشەی پەیوەندی تۆڕی کۆڕەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەش، سیروان بارزانی ڕایگەیاند کێشەکە وەک خۆی ماوەتەوە و چاوەڕێی بەغداین و ئیشەڵا چارەسەر دەبێت.
وتیشی دەبیت ئەو کێشەیە چارەسەر ببێت کە ستەمێکی گەورەیە و لە مرۆڤایەتی و هیچ وڵات و شارێکدا نەبووە کە پەیوەندی لەسەر هاووڵاتییەکانت ببڕیت.
جەختیشیکردەوە کە بڕیارەکەی بەغدا “سیاسی و نایاساییە، بەڵام چارەسەر دەکرێت”.

بابەتی هاوشێوە