لێخۆشبوون بۆ هاووڵاتیان دەرچوو

24.12.2025
جەماوەر نیوز
ڕیارێکی نوێ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە، مامەڵەی هاووڵاتیان ڕادەگیرێت و لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی گرنگی بۆ سەرجەم ئەو هاووڵاتیانە بڵاوکردەوە کە مامەڵەیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە هەیە، ئەمەش بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵی دارایی و پشووەکانی ساڵی نوێ.
بەپێی ئاگادارییەکە، لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێککەوتی ٢٤/ ١٢ / ٢٠٢٥، لە کاتژمێر (١:٠٠)ی پاشنیوەڕۆوە، پڕۆسەی بڕینی هەموو جۆرە پسوڵەیەک لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ڕادەگیرێت. ئەم ڕاگرتنە تا یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە ساڵی نوێدا بەردەوام دەبێت.
بەڕیوەبەرایەتییەکە دەڵیت، بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان و بۆ ئەوەی کەس تووشی زیانی دارایی نەبێت، بڕیار دراوە ئەو هاووڵاتیانەی کە وادەی مامەڵەکانیان (وەک نوێکردنەوەی مۆڵەت یان ساڵیانە و مامەڵەکانی تری هاتووچۆ) لەم ماوەیەی پشوودا تەواو دەبێت، لە سزای دواکەوتن ببەخشرێن.
ئەم بڕیارە پاڵپشت بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە، کە تێیدا جەخت کراوەتەوە ئەو ماوەیەی فەرمانگەکان پسوڵەی تێدا نابڕن، هەژمار ناکرێت بۆ سزای دارایی (غەرامە) و هاووڵاتیان دەتوانن دوای دەستپێکردنەوەی دەوام بەبێ سزا مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
تاگەکان
پێبژاردن
سزای هاتووچۆ
هاتووچۆی سلێمانی



بابەتی هاوشێوە