مەزڵوم عەبدی: لەگەڵ دیمەشق گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش

25.12.2025
جەماوەر نیوز
ەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لەگەڵ دیمەشق گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان، دەشڵیت، "پێمان وایە چارەسەر لە سوریا دەبێت لامەرکەزی بێت و پێشکەوتن هەیە لە دروستکردنی دیدێکی هاوبەش".

مەزڵوم عەبدی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە وتارێکی ڤیدیۆیدا کە لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی دەستەی ڕاوێژکاری لیژنەی دانوستانکاری خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دیمەشق لە شاری تەبقە وتی، "گەیشتوینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا بگونجێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، "پێشکەوتن هەیە لە دروستکردنی دیدێکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە دەروازەکان، سنوورەکان و سامانە سروشتییەکانی سەرجەم سووریاییەکان". دەشڵێت، "پێمان وایە چارەسەر لە سوریا دەبێت لامەرکەزی بێت و دەمانەوێت خەڵکی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەیەکی دەستوریدا ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەبەرن".
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بە بەشداریی پێکهاتەکان لەناو پایە بنەڕەتییەکانی سیستمەکەدا کرد و وتی، "ئەمە پێویستی بە گفتوگۆی قوڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستورێک کە ڕەنگدانەوەی هەمو خواستەکان بێت و هیوادارین لە قۆناغی داهاتودا بگەینە هەمو ڕێککەوتنەکان". دەشڵێت، "لە داهاتودا هەمو فەرمانبەرانی خۆبەڕێوەبەری دەبنە فەرمانبەری دەوڵەتی سوریا و ئەوەش بەشێکە لە ڕێککەوتنی 10ی ئازار".

لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە تەلەفزیۆنی سوریا بڵاویكردەوە، پێشبینی دەكرێت لە دو رۆژی داهاتودا رێككەوتنی هەسەدە و دیمەشق رابگەیەنرێت و هەریكە لە ئەمریكا، بریتانیا، فرەنسا و ئەڵمانیاش فشار دەکەن بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنەکە یەکلایی بکرێتەوە. هەروەها 90 هەزار ئەندامی هەسەدە ئاسایش لەناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریا یەكدەخرێن.

لە ڕۆژی 10ـی (ئازار/3)ـی ئه‌مساڵدا رێكه‌وتنێك له‌ نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزه‌ر و مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا واژۆكرا، بەڵام تاكو ئێستا دانوستانەكان بەردەوامە و بەبێ هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاوە و هەردولاش یەكدی بە جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكە تۆمەتبار دەكەن.

بابەتی هاوشێوە