هۆکارێکی چاوەڕواننەکراوی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ئاشکرا کرا

25.12.2025
جەماوەر نیوز
توێژەرانی پەیمانگای (Scripps Research) لە ئەمریکا، هۆکارێکی نوێ و چاوەڕواننەکراویان دۆزیوەتەوە کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن (فشار) لە هەندێک کەسدا، کە پەیوەندی بە شێوازی خەوتنیانەوە هەیە.
تێکچوونی کاتی خەو؛ مەترسییەکی گەورە:
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی (JMIR) بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کاتی خەوتنیان لە شەوێک بۆ شەوێکی تر تەنها یەک کاتژمێر دەگۆڕێت، ئەگەری تووشبوونیان بە “تەنگەنەفەسی کاتی خەو” (Obstructive Sleep Apnea) دوو هێندە زیاد دەکات.
هەمان توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ناڕێکییە لە کاتی خەوتندا، مەترسی تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە ڕێژەی 71% زیاد دەکات.
پەیوەندییەکە بە ڕێکیی خەوە نەک ماوەکەی:
زاناکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کێشەکە لەوەدا نییە کە مرۆڤ “چەند کاتژمێر” دەخەوێت، بەڵکو پەیوەندی بە ڕێکیی کاتەکانی (خەوتن و هەستان)ـەوە هەیە. واتە جێگیرکردنی کاتی چوونە ناو جێگە و کاتی بەئاگاهاتنەوە گرنگترە لەوەی تەنها گرنگی بە ماوەی خەوەکە بدرێت.
ئەم دەرەنجامانە دوای لێکۆڵینەوە لەسەر نزیکەی 400 کەسی پێگەیشتوو بەدەستهاتوون، کە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام لە ڕێگەی “ئامێرە زیرەکەکان” (وەک کاتژمێری زیرەک و ئامێری وەرزشی) چاودێری شێوازی ژیانیان کراوە. ئەم ئامێرانە ڕێگەیان بە زاناکان داوە شیکردنەوە بۆ ڕەفتارە درێژخایەنەکان بکەن کە بە لێکۆڵینەوەیەکی کورتخایەن دەرناکەون.
توێژەران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان دەکرێت ببێتە هۆکارێکی کاریگەر بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی مەترسییەکانی نەخۆشی دڵ و لوولەکانی خوێن، هەرچەندە پێویستیان بە توێژینەوەی زیاترە بۆ تێگەیشتنی وردتر لە کاریگەریی خەوی ناڕێک لەسەر تەندروستی گشتی.



بابەتی هاوشێوە