دڵنایایی لە سێ مووچە دەدرێت

25.12.2025
جەماوەر نیوز
مووچە و نەوت؛ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد بۆ سێ مانگی تر درێژکرایەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گەیشتنە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ درێژکردنەوەی شێوازی کارکردنی نێوانیان، کە گەرەنتی بەردەوامیی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات تا کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦.
حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای (سۆمۆ)  ڕایگەیاند “ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە نوێکراوەتەوە، واتە تاوەکو ٣١-٣-٢٠٢٦ کار بە بڕگەکانی دەکرێت.” ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەسەر پرسی نەوت هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق نەماوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەم خاڵانەی خوارەوە:
هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنی تەنها لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.
گێڕانەوەی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ناردنی لیستی مانگانەی مووچە و ڕاپۆرتی (میزان موراجەعە) بە وردی.
لە بەرامبەردا، بەغداد پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە کۆتایی هەموو مانگێکدا.
جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ وردەکاریی زیاتری لەسەر تێچووی نەوت ئاشکرا کرد و وتی، بەهۆی دژواریی شوێنی کێڵگەکان لە هەرێم، بڕی ١٦ دۆلار وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، و ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
ئەم ڕێککەوتنە پاش ئەوە دێت کە لە ٢٢-٩-٢٠٢٥ ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیا بیانییەکان واژۆکرا، و لە بەرەبەیانی ٢٧-٩-٢٠٢٥ هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بە فەرمی دەستیپێکردەوە.
شارەزایان پێیان وایە ئەگەر هەردوولا پابەندی ئەم ڕێککەوتنە بن، کێشەی مووچەی خەڵکی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو چارەسەر دەبێت تا ئەو کاتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ پەسەند دەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای پەسەندکردنی بودجەی نوێ، بەغداد نەک تەنها مووچە، بەڵکو پشکی تەواوەتی بودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.

بابەتی هاوشێوە