کەشناسی: بەفربارین سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک دەگرێتەوە

28.12.2025
جەماوەر نیوز
بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە، شەپۆڵی بارانبارین و بەفر بارین لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامە تا کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ، سەبارەت بە بەفر بارین لە ئێستادا لە زۆربەی چیا بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بەفر بارین بەردەوامە ناوچە جیا جیاکانی تر (سەنتەری پارێزگاکان و قەزاو ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان ) بەهۆی بەهێزی کاریگەری شەپۆلەکە سەرجەمی ناوچەکەمان لە ژێر کاریگەری بارانبارین و بەفر بارینە، ئەمڕۆ تا کاتەکانی ئێوارە باران بارین بە شێوەی لێزمە بارانی کورت خایەن و نمە بارانی پچڕ پچڕ بەردەوامی دەبێت، لە ئێوارەدا کاریگەری شەپۆڵی باران وەک قۆناغی یەکەم کۆتای دێت و لەسەر ناوچەکەمان کەمێک لاواز دەبێت بەڵام پلەکانی گەرما روو لە نزم بوونەوەی زیاتر دەکات خێرایی با لەگەڵ باران بارین بە چالاک دەمێنێتەوە.
دەشڵێت: پلەکانی گەرما بە چوار بۆ شەش پلە نزم دەبێتەوە.
لە بارەی کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە، کەشناسی هەرێم دەڵێت، کاریگەری شەپۆڵی بارانبارین بەفربارین کەمێک لاواز دەبێت، لە کاتەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە تا کاتەکانی نیوەڕۆ ئاسمان تەم و بەفر بارینێکی کەم لەسەر ناچە شاخە بەرزەکان بەردەوامی دەبێت، پاشان کاریگەری بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری لەگەڵ کەشی ناوچەکەمان تێکەڵ دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە دووبارە بارانبارین و بەفر بارین لەسەرجەمی ناوچەکەمان دەست پێدەکاتەوە باران بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەبێت.
دەشڵێت: لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە ئەگەری بەفر بارینی دەبێت هەموو ئەو ناوچانەی بەرزیان لە 750 مەتر بەرزە لە ئاستی رووی دەریا ئەگەری بەفری هەیە، تا ڕۆژی سێشەممە کاریگەری ئەو ناجێگیریەی کەش بەردەوامی دەبێت، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە لە ناوچە شاخاویەکان بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 5 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 2 پلەی سیلیزی
دهۆک: 1 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 5 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 3 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 8 پلەی سیلیزی



بابەتی هاوشێوە