ڕاگەیەندراوی کۆتایی سێیەمین دیداری گوڵەخانە

28.12.2025
جەماوەر نیوز

ڕاگەیەندراوی کۆتایی سێیەمین دیداری گوڵەخانە
کاتژمێر ۱۱ـی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ۲۷ـی کانوونی یەکەمی ۲٠۲٥ لە هۆڵی ئاشتیی گوندی گوڵەخانەی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، بە ناونیشانی "ئایندەی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراقدا"، بە ئامادەبوونی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود و ژمارەیەک لە کەسایەتی سیاسی، مامۆستایانی زانکۆ، مامۆستایانی ئاینی، سەرۆک هۆز و کەسایەتی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیران و چین و توێژە جیاوازەکان، دیداری گوڵەخانە بە مارشی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆزە دەستی پێکرد.
بەپێی بەرنامەی کار، پاش بەخێرهاتن، وتاری دیدار لەلایەن بەڕێز محەمەد حاجی مەحمودەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراقی پاش پرۆسەی ئازادی، تەئکیدی کردەوە کە دیداری ئەمساڵ لە کاتێکدایە چەوساندنەوەی کورد لە وڵاتەکە بەردەوامە بە فۆڕمێکی نوێ، کەخۆی لە زەوتکردنی زەوی جووتیارانی کورد، دەستبردن بۆ قوت و ژیانی موچەخۆران و هاونیشتمانیان دەبینێتەوە، لە سایەی دەسەڵاتی ئێستای بەغدا، بووەتە نەریت ساڵانە لەم هەرێمەدا چەند موچەیەکی موچەخۆران دەفەوتێت، هەربۆیە بەشێک لە قسەکانی ئاڕاستەی کاربەدەستانی بەغدا کرد کە وانە لەمێژوو وەربگرن و هەڵەی ئەوانەی بەرلە خۆیان دووبارە نەکەنەوە، لە بەشێکی تری وتەکەیدا ڕایگەیاند، لەماوەی نێوان دیداری پێشوو تا ئەمڕۆ جیهان و ناوچەکە دووچاری ئاڵۆزی و شەڕی گەورە بوونەتەوە، جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا سەختتر بووە، ئیسرائیل پەلاماری فەلەستین، یەمەن، لوبنان، سوریا و ئێرانیدا، زۆربەی لایەنەکان ئاگری شەڕ خۆشدەکەن و کەس لە خەمی ئاشتیدا نییە، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دیدارەکەی کردە دەرفەت بۆ جەختکردنەوە لە گرنگی یەکدەنگی هێزە کوردستانییەکان و دووپاتیکردەوە ترازان و لێکدوورکەوتنەوەی لایەنەکان لە قازانجی هیچ لایەک نییە و دواخستنی دانیشتنەکانی پەڕلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لێکەوتەکانی باش نابن بەتایبەت لە ئێستادا کە عێراق لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێدایە، لەکۆتایی وتەکەیدا ئومێدی خواست تەوەر و باس و خواسەکانی دیداری گوڵەخانە لەخزمەت بنەما ئەساسییەکانی دابێت کە ئامانجی لەپێشینەی خزمەتکردنە بە بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان.
دیداری گوڵەخانە، بەخوێندنەوە بۆ ئەو بارودۆخەی لە جیهان و ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت و پاڵپشت بەو پانێڵ و گفتوگۆ و بۆچوونانەی ئەمڕۆ پێشکەشکران، گەڵاڵەی چەند ڕاسپاردەیەکی کرد بە ئامانجی هەنگاونانی دروست بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی مافە ڕەواکانمان بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد:
یەکەم: پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد وردبینانە و دووربینانە و واقعییانە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ و ئاڵۆزیی و پێشهاتەکان لە بەرچاوبگرن و بەدیدێکی نیشتمانی و نەتەویی بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.
دووەم: سەبارەت بە پەیوەندی حکومەتی هەرێم و بەغدا، پێویستە دیدگای پاوانخوازی و نەیارانەی ڕکابەرەکانمان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا لەبەرچاو بگیرێت، ڕێگە لە هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانەی سیاسی و ئابوری و ئیداریانەی دەسەڵاتدارانی عێراق بگیرێت کە دژی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان پیلانی بۆ دانراوە.
سێیەم: نوێنەرانی کورد هەموو ڕێگەیەکی یاسایی و کارگێڕی بگرنەبەر بۆ بەیاساییکردنی مافە دەستورییەکانی کورد و هەرێمی کوردستان و دەرکردنی یاسای پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی هەرێمەکان و دەستەتایبەتەکان، کە زامنی مافەکانمانە.
چوارەم: پێویستە نوێنەرانی کورد و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەڕێگەی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و ڕاوێژی پێشوەختە بۆ پرۆژە یاساکان، ڕێگە لە ههەردەقێکی یاسایی تەڵە و لوغمی چێنراوەکانی ناو دەقە یاساییەکان بگرین.
پێنجەم: لەکاتی پێشێلکرنی هەر مافێکی دەستوری و یاسایی، نوێنەرانی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دادگاوە ڕێگری لێبکرێت.
شەشەم: دیدار بە پێویستی دەزانێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستانی بەیەک تیم سەردانی بەغدا بکەن، بەمەبەستی دانوستان لەسەر حکومەتی داهاتووی عێراق و پرسە نیشتمانی و موچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان.
حەوتەم: پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کورستان و بەرژەوەندییە حزبییەکان وەلابنرێت لەپێناو خاک و خەڵکی کوردستان.
هەشتەم: دیدار جەخت لە گرنگی پێکهێنانی ئەنجومەنی نیشتمانی یان ئەنجومەنێکی سیاسی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، چونکە بووەتە پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکە تا ببێتە چەتری کۆکردنەوەی سەرجەم پارت و فراکسیۆنەکان.
نۆیەم: کورد بەبێ ڕێکەوتنی نوسراو پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق نەکات تا ئەو کاتەی مافەکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و سیاسەتی تەعریب و داگیرکاری موڵکی جوتیارانی کورد و دەرکردنیان لە زێدی خۆیان ڕادەگیرێت.
ڕاگەیەندراوی کۆتایی سێیەمین دیداری گوڵەخانە

۲۷ی کانوونی یەکەمی ۲٠۲٥


بابەتی هاوشێوە