ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت

29.12.2025
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و په‌رله‌مانتاران سوێند ده‌خۆن و سه‌رۆك، جێگرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێن كه‌ به‌ركه‌وته‌ی سوننه‌، شیعه‌ و كوردن، ئەم خولە تەنها هەڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی پەرلەمان نییە، بەڵکو ناساندنی پەرلەمانی نوێیە بە هاوڵاتیان، پەرلەمانێک کە پاشماوه‌ خولی پێشوه‌.
سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننه‌كان کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دیاریكردوه‌ كه‌ پێكهاتوه‌ له‌ هه‌یبه‌ حەلبوسی، به‌ڵام هاوپەیمانی عه‌زم بە شێوەیەکی تاکلایەنە موسه‌ننا سامه‌ڕایی کاندید کرد و ڕایگه‌یاند، پێداگرن له‌سه‌ر كاندیدیكردنی موسه‌ننا سامه‌ڕایی، هاوكات لایه‌نه‌كانی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ ئه‌نجامدانی "كوده‌تا".

كاندیدی براوه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌بێت 165 ده‌نگی په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌گه‌ر كاندیده‌كان نه‌یانتوانی ئه‌و ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنن ئه‌وا پڕۆسه‌كه‌ بۆ چه‌ند خولێك به‌رده‌وام ده‌بێت وەک ئەوەی لە خولەکانی هەڵبژاردنی جێگرەوەیەک بۆ حەلبوسی ڕویدا، بەتایبەتی کاتێک شەعلان کەریم تەنها دو دەنگ کەمتر بو لە دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. 

له‌ ماوه‌ی پێنج خولی رابردودا دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌ عێراق بوه‌ته‌ نه‌ریت، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سوننه‌، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ شیعه‌ و جێگری دوه‌م بۆ كورد بوه‌، هاوكات سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ شیعه‌ بوه‌.

ئێستا سێ سیناریۆ هەیە، یەکەم: چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگی وەک کاندیدی کۆدەنگیی هێزە سوننەکان مامەڵە لەگەڵ هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بكات و به‌وه‌ی ئه‌و كاندیده‌ له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌مدا ده‌بێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سیناریۆی دوەم ئه‌وه‌یه‌ كاندیدكردنی هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی وه‌ك "ڕێککەوتنی زۆرینە" مامەڵەی لەگەڵ دەکات نەک ڕێککەوتنی کۆدەنگی، ئەوەش ئەگەری زۆرترین سیناریۆیە.

سیناریۆی سێیه‌میش كه‌ له‌به‌رده‌م چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدایه‌ ئه‌وه‌یه‌ پرسی ده‌نگدان به‌ كاندیدانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان (هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی و موسه‌ننا سامه‌ڕایی) بۆ پەرلەمانتاران جێدەهێڵێت بۆئه‌وه‌ی خۆیان هەڵبژاردەی خۆیان دیاریبکەن، هەرچەندە دۆخەکە تا ئێستاش ناڕونە.

لە مانگی (ئاب/8)ی 2024دا شەش هێزی سیاسی سوننە لەسەر ناوێکی دیاریکراو ڕێککەوتن وەک بەدیلێک بۆ محه‌مه‌د حەلبوسی، هاوپەیمانی عه‌زم و سیاده‌ پشتیوانی خۆیان بۆ کاندیدێکی جیاواز راگه‌یاند، ئەو سیناریۆیە نزیکەی هاوشێوەی سیناریۆی ئێستایە، سەرەڕای ڕێککەوتنی زۆرینەی شەش هێزی سیاسی، به‌ڵام چوارچێوەی هەماهەنگی وەک کۆدەنگی مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا نەکرد.

هاوكات تا ئێستا هه‌ڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان دیارنیه‌ كه‌ ده‌توانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆسه‌كه‌ دروستبكه‌ن، ئەوەش وادەکات پێشبینی ئەنجامەکەی قورس بێت، بەتایبەت کە دەنگدانەکە نهێنییە، له‌ كۆتایی خولی پێشوی په‌رله‌ماندا ناكۆكی له‌نێوان پارتی و محه‌مه‌د حه‌لبوسی دروستبو، هه‌روه‌ها له‌ دو رۆژی رابردودا موسه‌ننا سامه‌ڕایی به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ سلێمانی و له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی كۆبوه‌وه‌.

بڕیاره‌ ئه‌مڕ‌ۆ یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عامر فایز وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن به‌ڕ‌ێوه‌بچێت، به‌پێی ده‌ستور، ده‌بێت له‌ یه‌كه‌مین دانیشتندا سه‌رۆكی په‌رله‌مان و دو جێگره‌كه‌ی هه‌ڵبژێردرێن، له‌م دانیشتنه‌شدا 329 ئه‌ندام سوێندی یاسایی ده‌خۆن، كه‌ 245 ئه‌ندامیان له‌ ره‌گه‌زی نێرن و 84 ئه‌ندامیشیان له‌ ره‌گه‌زی مێن.

بابەتی هاوشێوە