بەفربارین دەستیپێکرد و هۆشداری دەدرێت

29.12.2025
جەماوەر نیوز
بەفربارین لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و پێشبینی دەکرێت تا ئێوارەی ئەمڕۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم بگرێتەوە، کەشناسێکی کوردیش هۆشداری لە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و دروستبوونی شەختە دەدات.
ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: لە ئێستادا شەپۆلی بەفربارین گەیشتووەتە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ لەکاتژمێرەکانی داهاتوو فراوان دەبێت بۆ ناوچەکانی دیکە و کاتی ئێوارەش سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەم شەپۆلی بەفرەدا بای باشوور بە خێرای 15 تا 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت و بەهۆیەوە هەست بە کەشێکی زۆر سارد دەکرێت.
دەشڵێت: بەفر بارین بەرێژەی مامناوەند تا زۆر سەرجەم ناوچە شاخاویەکان و سەنتەری زۆربەی شارو شارۆچکەکان دەگرێتەوە کە لەپێشتردا بە وردی زانیاریم لەسەری بڵاوکردوەتەوە و تا بەرەبەیانی سبەینێ سێشەممە بەردەوامی دەبێت.
باسی لەوەشکرد، ئاگادارتان دەکەینەوە کە سبەینێ سێشەمە پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە تەنانەت لەکاتەکانی رۆژدا پلەکانی گەرما لەناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری شارەکانیش بۆ ژێر سفری سەدی نزمدەبنەوە و شەختە و بەستەڵەک لە زۆربەی رێگا و شەقامەکاندا دروستەبێت و پێویستە شۆفێران و هاووڵاتیان ئاگاداربن گەشت و چالاکیەکانتان رابگرن باشترە تا تووشی ڕووداوی نەخوازراو و کارەسات نەبن.
بە وتەی ئەو کەشناسە کوردە، لە ئێوارەی سبەینێ تا بەیانی رۆژی چوارشەمە ساردترین ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە سەرمایە دەبێت و پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لەناوچە شاخاوییەکان بۆ زیاتر لە 10 تا 15 پلە بۆ ژێر سفر نزمبنەوە و لەسەنتەری شاری سلێمانی و هەڵەبجەش بۆ زیاتر لە شەش پلە بۆ ژێر سفر و لەسەنتەری شاری دهۆک و هەولێر و زاخۆ دوو تا سێ پلە ژێر سفر.

بابەتی هاوشێوە