تورکیا؛ دوای پێکدادانێکی توند 110 کەس به‌تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی داعش دەستگیرکران

30.12.2025
جەماوەر نیوز

پۆلیسی ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 110 گومانلێکراوی داعشی دەستگیرکران، ئەوەش دوای ڕۆژێک لە کوژرانی سێ پۆلیس و شەش چەکدار لە پێكدادانێكدا لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.

پۆلیسی تورکیا دوای هەفتەیەک لە دەستگیرکردنی زیاتر لە 100 کەس کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە داعش بن بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردن لە جەژنی کریسمس و سەری ساڵدا، بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر گەمارۆی ماڵێکیان لە شارۆچکەی یالۆڤا لە کەنارەکانی دەریای مەڕمەڕە لە باشوری ئیستانبوڵدا.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی پۆلیس، لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەدا هەشت ئەفسەری پۆلیس و ئەفسەرێکی دیکەی ئەمنی برینداربون، کە یەکێک بو لەو زیاتر لە 100 شوێنەی کە ڕۆژی دوشەممە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کرانە ئامانج.

داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ سێشەممە پۆلیس 114 هەڵمەتی لە ئیستانبوڵ و دو پارێزگای دیکە ئەنجامداوە و لە کۆی 115 تۆمەتباری داواکراو 110 کەسیان دەستگیرکردوە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەسەڵاتداران دەستیان بەسەر فایل و بەڵگەنامەی دیجیتاڵی جۆراوجۆردا گرتوە.

تورکیا لەمساڵدا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت ئەندامەکانی داعش چڕتر کردوەتەوە، لەکاتێکدا ئەو گروپە لەسەر ئاستی جیهانی سەریهەڵداوەتەوە.

ئەمریکا هەفتەی ڕابردو هێرشێکی دژی چەکدارانی داعش لە باکوری ڕۆژئاوای نەیجیریا ئەنجامدا، لەکاتێکدا پۆلیسی ئوسترالیا ڕایگەیاند، ئەو چەکدارانەی لەم مانگەدا هێرشیان کردوەتە سەر ئاهەنگێکی هانۆکا لە کەناری بۆندی لە سیدنی، ئیلهامیان لە داعش وەرگرتوە.

نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو گروپە چەکدارە تۆمەتبار دەکرا کە بەرپرسیارن لە زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکانی تورکیا، لەوانە هێرش بۆ سەر یانەی شەوانە لە ئیستانبوڵ و فڕۆکەخانەی سەرەکی شارەکە کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران.

لەو ماوەیەدا تورکیا بوە خاڵی ترانزێتی سەرەکی بۆ چەکدارانی بیانی، لەنێویاندا گروپه‌كانی داعش، کە لە کاتی شەڕی سوریادا دەچونە ژورەوە و دەچونە دەرەوە.

پۆلیس لە ساڵانی دواتردا چەندین ئۆپەراسیۆنی دژ بە ڕێکخراوەکە ئەنجامدا و لە دوای ئەو شەپۆلە توندوتیژییەی کە وڵاتەکە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017دا بەخۆیەوە بینی، ژمارەی هێرشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە.

بابەتی هاوشێوە