رێباز حه‌ملان: ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رویدا گه‌له‌كۆمه‌كێی هه‌ندێك لایه‌نی كوردبو

30.12.2025
جەماوەر نیوز
زانیاری سه‌ره‌كی؛
رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردو له‌ په‌رله‌مانی عێراق رویدا گه‌له‌كۆمه‌كێی هه‌ندێك لایه‌نی كورده‌ كه‌ ده‌سته‌مۆی هه‌ندێك لایه‌نی عێراقین و ده‌شڵێت، "مێژو سه‌لماندویه‌تی ماڵباتی بارزانی و پارتی، خوای گه‌وره‌و میلله‌ت و چیاكانی كوردستانیان له‌ پشته‌".

ڕێباز حه‌ملان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "بۆ هه‌مو خه‌ڵك رونبوه‌وه‌ ئه‌و حیزبه‌ بچوكانه‌ی كه‌ به‌پاره‌ی هه‌ندێك لایه‌نی به‌غدا و به‌پشتیوانی لایه‌نی دیكه‌ی هه‌رێم دروستكراون، وه‌ك بوكه‌ڵه‌ به‌ده‌ست ئه‌ملایه‌ن و ئه‌ولایه‌ن به‌كارده‌هێنرێن، ئامانجه‌كه‌ی دیاربو، بۆ سه‌پاندنی سیستمی مه‌ركه‌زیه‌ت و لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ لێدان له‌ كاندیده‌كانی پارتی بۆ پۆسته‌ باڵاكانی عێراق".

باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هه‌مولایه‌نه‌كانی عێراق و وڵاتانی دراوسێش ده‌زانن ته‌نها و ته‌نها پارتی له‌ به‌غدا به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم و شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و مافه‌كانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كات، شاندی پارتی به‌فه‌رمی مه‌رجه‌كانی خۆی به‌ لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی وتوه‌ كه‌ ده‌بێت مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم بچه‌سپێنرێن و جێبه‌جێبكرێن".

ده‌شڵێت، "ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردو له‌ په‌رله‌مانی عێراق رویدا گه‌له‌كۆمه‌كێی هه‌ندێك لایه‌نی كورده‌ كه‌ ده‌سته‌مۆی هه‌ندێك لایه‌نی عێراقین بۆ دژایه‌تیكردنی پارتی كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ دژایه‌تیكردنی گه‌لی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان".

رێباز حه‌ملان ئه‌وه‌شخستۆته‌ڕو، مێژو سه‌لماندویه‌تی ماڵباتی بارزانی و پارتی، خوای گه‌وره‌و میلله‌ت و چیاكانی كوردستانیان له‌ پشته‌ ئیراده‌ی پارتی ئیراده‌ی میلله‌تێكی زوڵملێكراوه‌ به‌ هیچ زاڵمێك نه‌شكێنراوه‌ و ناشكێنرێت.

شه‌وی رابردو بۆ هەڵبژاردنی جێگری دوەمی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌م و دوه‌مدا، شاخه‌وان عه‌بدوڵا كاندیدی پارتی له‌به‌رامبه‌ر د. رێبوار كه‌ریم مه‌حمود كاندیدی ره‌وتی هه‌ڵوێست شكستیهێنا، به‌هۆی به‌ده‌ستنه‌هێنانی 166 ده‌نگیش له‌لایه‌ن هه‌ردو كاندیده‌كه‌وه‌، گه‌ڕی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ كاتژمێر 2:00ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دواخرا، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی پارتی لێكه‌وته‌وه‌.
و






بابەتی هاوشێوە