ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ناو به‌نزینخانه‌یه‌كی سلێمانی رویدا؛ بریندار هه‌یه‌

30.12.2025
جەماوەر نیوز

به‌هۆكارێكی نادیار بۆردی كاره‌بای ناو به‌نزینخانه‌یه‌كی سلێمانی ته‌قیه‌وه‌ و پاش گه‌یشتنی تیمه‌كانی به‌رگری شارستانیش، توانرا دۆخه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت و به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانیش، سێ بریندار گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌رگری شارستانی سلێمانی راگه‌یاند، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌شێكی ناو به‌نزینخانه‌یه‌كی سلێمانی رویدا، پاش گه‌یشتنی تیمه‌كانیش توانراوه‌ دۆخه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت و له‌ئێستاشدا لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، ته‌قینه‌وه‌كه‌ لە بۆردی كارەبای ناو بەنزینخانەكە رویداوه‌، خاوه‌نی به‌نزینخانه‌كه‌ش ده‌ڵێت، "ئێمه‌ سیستمی غازمان نیه‌ و ئه‌وه‌ی ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و ده‌نگی به‌رزی لێوه‌هاتوه‌ ته‌نها بۆردێكی كاره‌با بوه‌" پاش گەیشتنی تیمەكانی بەرگری شارستانیش، توانراوە رێگری لە تەقینەوەی زیاتری سیستمی كارەبا و خەزانەكانی بكرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی لەوەشكردوە، لەئەنجامی روداوەكە سێ كەس برینداربون، جگە لەوەش زیانی ماددی زۆر بەر بەنزینخانەكە و سێ ئۆتۆمبێلیش كەوتوە كە لەشوێنی روداوەكە بون.

تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی له‌ شوێنی روداوه‌كه‌ن و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ ده‌كه‌ن و تا ئێستاش به‌فه‌رمی راپۆرتیان له‌باره‌ی ئه‌و روداوه‌ بڵاونه‌كردۆته‌وه‌.

بابەتی هاوشێوە