سودانی فه‌رمانیكرد راپۆرتێک له‌باره‌ی میکانیزمەکانی قەرزکردن ئاماده‌ بكرێت

30.12.2025
جەماوەر نیوز
محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانیكرد ڕاپۆرتێکی گشتگیر له‌باره‌ی میکانیزمەکانی قەرزکردن لە سندوقی پاڵپشتی هەناردەکردن ئامادە بکرێت، کە وردەکاری سەرجەم هەناردەکردن و هەناردەکاران و بڕ و لایەنەکانی هەناردە لەخۆبگرێت بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر بنەمای قەرزدان لە سندوقی پشتیوانی هەناردەکردن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نداوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د شیاع سودانی سەرۆکایەتی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئابوری کرد، کە تایبەت بو بە زیادکردنی داهاتی دارایی، تاوتوێی ئەو بەرنامەیە کرا کە لەلایەن لیژنەی باڵای چاکسازی باجەوە ئامادەکرابو و سەرۆکی لیژنەکە ڕونکردنەوەیەکی وردی لەسەر بەرنامەکە و پێکهاتەکانی خستەڕو.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكردوه‌، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد توێژینەوە بۆ بەرنامەکە بکرێت و پێشنیازی کۆتایی پێشکەشی ئەنجومەن بکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی قەرزکردن لە سندوقی پاڵپشتی هەناردەکردن کرا و لەمبارەیەوە سودانی فەرمانی کرد ڕاپۆرتێکی گشتگیر ئامادە بکرێت کە وردەکاری سەرجەم هەناردەکردن و هەناردەکاران و بڕ و لایەنەکانی هەناردە لەخۆبگرێت بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر بنەمای قەرزدان لە سندوقی پشتیوانی هەناردەکردن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، کۆبونەوەکە بەردەوام بو لە باسکردنی دەرئەنجامەکانی دانیشتنی پێشو سەبارەت بە زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، هەروەها پێداچونەوە بەو ڕێوشوێنانە کرا کە گیراونەتەبەر بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1033)ی ساڵی 2025 و پێشنیارەکانی لیژنەی کۆکردنەوەی باج هەڵسەنگێندرا.

سندوقی پاڵپشتی هەناردەکردنی عێراق قەرز بۆ پاڵپشتی هەناردەکارانی عێراق و هاندانی بەرهەمە نیشتمانییەکان دابین دەکات، قەرزەکان بۆ کۆمپانیا عێراقییەکان تەرخان دەکرێن بۆ پاڵپشتیکردنی هەناردەکردنەکانیان، هەروەها داواکارییەکان لە ڕێگەی فایلێکی تەواوەوە لە ڕێگەی سندوقی پاڵپشتی هەناردەکردنەوە پێشکەش دەکرێن.

بابەتی هاوشێوە