دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كرایەوە

30.12.2025
جەماوەر نیوز

دوای تەواوكردنی ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و دەسبەكاربونی دەستەكە، پەرلەمان دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەفەرمی كردەوە و بۆماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. هەروەها یەکەم کۆبونەوەشی بۆ 5ـی مانگی داهاتو هەڵگرت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە پرۆسەی دەنگدان بۆ دیاریکردنی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان، فەرهاد ئەمین ئەتروشی، توانی متمانەی زۆرینەی ئەندامان بەدەستبهێنێت و پۆستەکە مسۆگەر بکات. پاشان دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی تەواوی دەسەڵات و ئەرکە یاساییەکانی لە بە تەمەنترین سەرۆکی پەرلەمانەکە وەرگرت.
هاوكات هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق، وەک یەکەم هەنگاوی دەستوری دوای دەستبەکاربونی، بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە، کە ئەوەش قۆناغێکی گرنگە بۆ تەواوکردنی دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت.
دوای تەواوکردنی بڕگەکانی کارنامەکە، سەرۆکایەتییی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا کۆبونەوەکە بۆ ڕێکەوتی 5ـی (کانونی دوەم/1)ـی 2026 هەڵبگیرێت، ئەوەش بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئامادەکارییە سیاسی و یاساییەکانی قۆناغی داهاتو.
له‌ده‌نگدانی ئه‌مشه‌وی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، فه‌رهاد ئه‌تروشی كاندیدی پارتی توانی ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامان به‌ده‌ستبهێنێت و بۆ  پۆستی جێگری دوه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا. ئەوەش دوای سێ خولی دەنگدان.
له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌مدا په‌رله‌مانتاری ره‌وتی هه‌ڵوێست 153 ده‌نگ و شاخه‌وان عه‌بدوڵا 117 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا، له‌ گه‌ڕی دوه‌میشدا د. رێبوار كه‌ریم 156 ده‌نگ و شاخه‌وان عه‌بدوڵا 102 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا.

بابەتی هاوشێوە