په‌یامی به‌ڕێز محمد حاجی محمود به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێی زاینییه‌وه‌ ساڵى نوێی 2026

31.12.2025
جەماوەر نیوز
په‌یامی به‌ڕێز محمد حاجی محمود به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێی زاینییه‌وه‌ ساڵى نوێی 2026 له‌ سه‌رجه‌م جه‌ماوه‌ری ئازیزی كوردستان له‌هه‌ر كوێیه‌ك بن، له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، له‌ سه‌رجه‌م پێکهاتەکانی كوردستان پيرۆز ده‌كه‌م، هيوادارم له‌ ساڵى تازه‌دا، خه‌ڵكی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و ته‌واوى مرۆڤايه‌تى، ناخۆشی نه‌بینن و ساڵێكى پڕ له‌ ئارامى و خۆشى و سه‌قامگيرى به‌ڕێبكه‌ن. له‌م ڕۆژه‌دا جه‌خت له‌ پاراستن و قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتييانه‌ و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى له‌نێوان ته‌واوى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى كوردستاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌ و پێویسته‌ هه‌موومان له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ هه‌رێمی كوردستان كاربكه‌ين. مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ كوردستان هه‌میشه‌ نیشتمانی (پێكه‌وه‌ژیان، فره‌یی، لێبورده‌ییی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی بووه‌) پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك به‌رگری له‌گیانی پێكه‌وه‌یی و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین و داكۆكی له‌ یه‌كگرتوویی و یه‌كهه‌ڵوێستی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بكه‌ینه‌وه‌. لەسەر ئاستی سیاسی هەرێمی كوردستانيش، بەداخەوە ناكۆكيی سیاسي نێوان لایەنە سياسييه‌كان بەردەوامە، باری ژیان و دەروونی خەڵكی كوردستان خراپتر كراوە، ناكۆكییه‌كان خه‌ریكه‌ هێزی گه‌له‌كه‌مان له‌ئاست به‌غدا لاواز ده‌كات، گرنگه‌ به‌زوویی كار بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی نیشتمانی بكرێت و په‌ڕله‌مانی كوردستان كارا بكرێته‌وه‌و كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنرێت. جارێكیتر ساڵى تازه‌ له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت، هيواى ساڵێكى پڕ له‌ خۆشى و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم. محمد حاجی محمود 31ى كانونى یه‌كه‌می 2025

بابەتی هاوشێوە