شەوی سەریساڵ لە هەولێر چی ڕوویدا؟

03.01.2026
جەماوەر نیوز
پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت کە زیاتر لە 88 هەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی سەریساڵ سەردانی هەولێریان کردووە و 86 تاوانیس ئەنجامدراون، ساڵی ڕابردووش 730 هەزار تۆن زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە و زیاتر لە 128 هەزار دار و 106 هەزار گوڵی جۆاروجۆر چێندراون.
ئەمڕۆ شەممە، نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 2025.12.25، تاوەکو 2026.1.1، ئامادەکرابوو، سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان وەک چۆن داڕێژرابوو لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان بەسەرکەوتوویی و وەکو خۆى و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێ کرا.
ڕاشیگەیاند کە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییە جۆراوجۆرەکان بەم شێوەیە بوون:
یەکەم/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشت و گوزاری هەولێر:
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێکهێنانی لیژنەى تایبەت بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە بازگەکانی دەروازەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، ( 88 هەزار و 341 ) گەشتیار لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
دووەم/ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر:
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و ( 113 ئەفسەر ) و( 937 )  كارمەند لەئەرک دابوونە، سەبارەت بە ڕووداوەکانى هاتووچۆ، بەهۆى پابەند نەبوون بە یاساکان و خێرا لێخوڕین ( 17 ) ڕووداوى هاتووچۆ ڕوویانداوە، کە بەداخەوە بەهۆیانەوە ( 1 ) کەس گیانیان لەدەستدا و ( 9 ) کەسى دیکەش برینداربوونە.
سێیەم/ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر:
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
چوارەم/ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر:
پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاوڵاتییان و ئامادەباشی سەرجەم هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبێ هیچ گیر و گرفتێک تەواوی بڕگەکانی وەک خۆى جێبەجێکران، ( 86 ) حاڵەت و تاوانى جۆراو جۆر ئەنجامدراوە، ( 85 ) حاڵەت و تاوان ئاشکراکراوە و ( 1 ) تاوانیش لەژێر لێکۆلینەوەدایە.
پێنجەم/ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر:
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لە ئەرک دابوون، لەو ماوەیەدا تەنها ( 1 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، حاڵەتەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى:
تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، ( 5 هەزار و 486 ) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەگشتییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، ( 502 ) نەشتەرگەرى گەورە و بچووک ئەنجامدراوە، بۆ شوشتنی گورچیلە ( 1427 ) هاوڵاتی سەردانی سەنتەری شوشتنی گورچیلەیان کردووە، ( 1 هەزار و 423 ) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی لەدایک بوونیان کردووە، ( 294 ) منداڵ لەدایک بووە، ( 101 کوڕ ) و ( 124 کچ ) بەئاسایی و ( 26 کوڕ ) و ( 32 کچ ) بە نەشتەرگەری.
حەوتەم/ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر
تیمەکانی سەرجەم بەڕێوبەرایەتیەکان و فەرمانگەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە ئەرک دابوون، لەماوەی ساڵی ڕابردووشدا، ( 730 هەزار تۆن ) زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە و چارەسەر کراوە، هەروەها زیاتر لە ( 128 هەزار دار ) لەگەڵ ( 106 هەزار گوڵی جۆاروجۆر ) لە شەقام و دورگەی ناوەندیەکانی شار چێندراوە، ئەوجگە لە ئانجامدانی ( 67 ) پڕۆژە و دابەشکردنی ( 29 هەزار ) پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران و چاککردناوە و قیڕتاوکردنی چەندین شەقامی گشتی و گەڕەکەکانی ناو شار، تەنها لەشەوی سەری ساڵیشدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ژینگە پارێزی هەولێر ( 30 تۆن ) پاشماوە و زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە.
هەشتەم/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕێگا و بان و ئاوەدانکردنەوە و نێشتەجێکردنی هەولێر:
بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی گرتبۆوە، تەواوی تیمەکان بە ( 72 ) ئامێری جۆراو جۆر لە ئەرک دابوون بۆ ڕاماڵینی بەفر و لابردنی قوڕ لیتەی ڕێگاکان و پاککردنەوەی داڕمانی شاخ، لەوماوەیەشدا، کارەکان بریتی بوون لە، پاککردناوەی ( 25 ) ڕێگای سەرەکی سنووری قەزایی کۆیە و قەزاکانی دیکە بە درێژی ( 1 هەزار و 100 کیلۆمەتر ) و لێدانی ( 180 تۆن خوێ ) بۆ تواندەوەی بەفر و نەبەستنی ڕێگاکان و کردنەوەی ڕێگا سەرەکیەکانی دەرەوەی شار و گوند و ناوچە دوورە دەستەکان، ئەوە بێجگە لە بەهانەوەچوونی ئەو هاوڵاتیانەی لە ناوبەفر گیریان خواردبوو یاخود دووچاری کێشە و گرفت ببوون.
نۆیەم/ فێستیڤاڵ و شەوە ئاهەنگەکان:
بۆ سەری ساڵی نوێ لە چەندین شوێنی هەولێری پایتەخت، شەوە ئاهەنگی خێزانی و فیستیڤاڵی تایبەت ڕێکخرابوون، لە بەردەم پارکی شانەدەر و پارکی پێشمەرگە و ژمارەیەکی شوێنی تر بە تایبەتی لە نێو سەنتەری شار، کە لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، گەورەترین فیستیڤاڵ و شەوە ئاهەنگ بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان لە شەوی 2025.12.20 تاوەکو شەوی 2026.1.1 سازکرابوو و ژمارەیەکی زۆری لە هاوڵاتییان و گەشتیاران شەوانە ئامادەی دەبوون، خۆشبەختانە بەبێ ڕوودانی هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو هەموو ئەو پلان و بەرنامەیی لە پێناویدا دارێژرابوو بە سەرکەوتوویی و بێ کێشە بەڕێوەچوون.
دەیەم / کەشوهەوا:
پار ساڵ لە پارێزگای هەولێر تائەوکاتانە ( 43 ملم باران) باریبوو. ئەم ساڵە تا ئێستا (230.6) ملم باران باریوە و جیاوازیەکە دەکاتە ( 187.6ملم)، بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو جیاوازییەکی زۆرە، بەهۆی هەموو ئەو ڕێکار و ڕێگە چارەسەریانەی لە ساڵانی ڕابردوودا گیرابوونەبەر، توانرا شاری هەولێر لە مەترسی دروستبوونی لافاو پارێزراوبێت.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە قائیمقامیەت و یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هێزە ئەمنییەکان دەکەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە پاراستنى تەواوى شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییانى شارەکەمان و ژمارەیەکی زۆری میوانان و گەشتیاران بۆ بەسەربردنی دواساتەکانی شەوى سەرى ساڵ ڕوویان لێکردبوو.
هەروەها دەستخۆشی لە ئاسایشی بازگەکان و تیمەکانى گەشت و گوزار دەکەین کە لە ئامادەباشى تەواو دابوون بۆ خزمەتکردنى گەشتیاران و میوانان و هاوڵاتییان، هەروەها تیمەکانی شارەوانى و فەرمانگەی ژینگەپارێزی، کە لە ڕۆژى دواى سەرى ساڵ سەرەڕایی پشووى فەرمانگەکانیان تەواوی ئەو شوێن و جێگە گشتیانەی شاریان پاککردەوە کە بە هۆی پاشماوە و زبڵ و خاشاکی شەوی سەرى ساڵ پیس ببوون، دەستیان خۆشبێت.
هەروەها سوپاس بۆ میوانان و گەشتیاران و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان، کە هاوکار و هەماهەنگ بوون و سەرى ساڵى نوێ بەبێ هیچ کێشەیەک و بەوپەڕى ئارامى و لە کەشێکى پڕ لە خۆشى و شادی بۆ هەموو لایەک بەڕێکرا.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر

بابەتی هاوشێوە